هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە كوەیت كۆتاییپێهات و ئەمڕۆ یەكشەممە 6ی كانونی یەكەم ئەنجامەكانی ڕاگەیەندران، ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتە پێگەی خۆی بەهێزكرد و 24 كورسیی پەرلەمانی بردەوە.
لە هەڵبژاردنەكەی ئەمجارەدا، ئەو تاكە ژنە ئەندامەی پەرلەمان كورسییەكەی لەدەستدا كە لە خوولی پێشووی هەڵبژاردندا سەركەوتنی بەدەستهێنابوو، لە كۆی 29 ژن كە خۆیان بۆ بوون بە پەرلەمانتار كاندید كردبوو، كەسیان سەركەوتوونەبوون، بەوپێیەش خوولی ئەمجارەی پەرلەمانی كوەیت بەبێ هیچ ئەندامێكی ژن كارەكانی ڕادەپەڕێنێت.
پەرلەمانی كوەیت لە 50 كورسی پێكدێت و ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتە لە هەڵبژاردنی دوێنێ شەممەدا توانی ژمارەی كورسییەكانی لە 16 كورسییەوە بۆ 24 زیادبكات و ئەوەش بە بەرەوپێشچوونێكی نوێ بۆ ئەو ڕەوتە ئەژماردەكرێت.
ساڵی 2005 كوەیت یەكەم وڵاتی كەنداوی عەرەبی بوو كە مافی دەنگدان و خۆكاندیدكردنی لە هەڵبژاردنەكاندا بە ژنان دا، بەوەش سەرباری ئەوەی لە ساڵی 1962ـەوە كوەیت پەرلەمانی هەیە، تەنها ماوەی 15 ساڵە ژنان مافی دەنگدان و خۆكاندیدكردنیان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیدا هەیە.