وەزیری نەوتی عێراق ئاشكرایكردووە، عێراق بە تەواوی ڕێككەوتنەكانی ئۆپیك پڵەسەوە پابەندە، ئاشكراشیكردووە كۆمپانیای سۆمۆ دەرئەنجامێكی باشی هەبووە بۆ فرۆشتنی نەوت بە پارەی پێشەكی.
ئەمڕۆ یەكشەممە 6ی كانونی یەكەم، ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوتی عێراق لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا وتی، “عێراق بە تەواوەتی پابەندە بە ڕێككەوتنەكانی ئۆپیك پڵەس، بەرژەوەندیی عێراق لەوەدا نییە بڕی نەوتی هەناردەكراوە زیاد بكات، بەڵكو لەوەدایە بەهای نەوت بەرزببێتەوە”.
وەزیری نەوتی عێراق پێشبینی ئەوەشی كردووە، بەهای نەوتی خاو لە چارەكی یەكەمی ساڵی داهاتوودا بەرز ببێتەوە، ئەوەشی خستوەتەڕوو، “عێراق بەمدواییانە دەستی كردووە بە فرۆشتنی نەوت بە پارەی پێشەكی بۆ ئەوەی عێراق پارەی كاشی دەست بكەوێت، ئەوەش بۆ جاری یەكەمە لە مێژووی وەزارەتی نەوتی عێراقدا كە ئەم جۆرە لە فرۆشتن جێبەجێ بكات”.
وەزیرەكەی عێراق ئاماژەی بەوەشكردووە، “كۆمپانیای نیشتمانیی سۆمۆ، هەینی ڕابردوو هەندێك دەرئەنجامی باشی لەبارەی فرۆشتنی نەوت بە پێشەكی دەستكەوتووە، زۆر كۆمپانیا هەن كە كێبڕكێ دەكەن بۆ ئەوەی لەگەڵ عێراق لەسەر ئەو جۆرە فرۆشتنە گرێبەست بكەن، بە هەمان نرخی فرۆشتن لەكاتی پێدانی پارەكە”.
پرۆسەی فرۆشتنی نەوت لە عێراق لەڕێی كۆمپانیای سۆمۆوە ئەنجامدەدرێت، كە كۆمپانیایەكی نیشتمانییە بۆ فرۆشتنی نەوتی وڵاتەكە.