ئێوارەی ئەمڕۆ د. لەتیف ڕەشید، سەرۆك كۆماری عێراق سەردانی پەرلەمانی كوردستانی كرد و لەلایەن د. ڕێواز فایەق، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستانەوە پێشوازی لێكرا.
راگەیاندنی پەرلەمانی كوردستان بڵاویكردووەتەوە، لە كۆبوونەوەكەدا هەردوولا جەختیان لە گرنگی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغداد كردەوە لەسەر بنەمای دەستووری عێراقی فیدراڵ و چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكان لە چوارچێوەی دەستووردا، ھەروەھا زەمینەسازی بۆ لێكتێگەیشتنی هاوبەش و دەستپێشخەریی لێكنزیكبوونەوەی لایەنەكان تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بووە.
ئاماژە بۆ ئەوەش كراوە، لە كۆبوونەوەكەدا جەخت لە زاڵبوونی زمانی دیالۆگ بەسەر ڕوانگە جیاوازەكانی دیكەدا، لە پێناو یەكڕیزیی نیشتمانی و پارێزگاریكردن لە قەوارەی هەرێمی كوردستان و سەروەری خاكی عێراق كراوەتەوە.