هەزاران كەس رژانە سەر شەقامەكانی پایتەختی ئەڵمانیا بۆ داواكردنی سەپاندنی باج بەسەر دەوڵەمەندەكان و پاڵپشتیكردنی نرخی ماددە خۆراكییەكان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو گرانییەی بەهۆی هەڵاوسانەوە ئابوریی ئەوروپای گرتووەتەوە.
خۆپیشاندانەكە دوێنێ شەممە لە بەرلین بەڕێوەچوو، خۆپیشاندەران چەندین لافیتە و دروشمان بە زمانی ئەڵمانی بەرزكردبووەوە و لەوانە داواكردنی “سەرلەنوێ دابەشكردنەوە”، لەو خۆپیشاندانەدا كە بە بانگێشتی ژمارەیەك لە رێكخراوە چەپەكان بۆ ناڕەزایی بەرامبەر بەرزبوونەوەی نرخ و كرێ ئەنجامدرا.
یەكێك لە داواكارییەكانی خۆپیشاندەران سەپاندنی باجە بەسەر خاوەن سەرمایە و دەوڵەمەندەكان بۆ مامەڵە لەگەڵ قەیرانی ئابوری و پاڵپشتیی نرخی ماددە خۆراكییەكان، لە سایەی زیادبوونی هەڵاوساندا بەتایبەت بەهۆی شەڕی ئۆكرانیاوە.
هەڵاوسان لە ئەڵمانیا گەیشتووەتە ئاستێكی پێوانەیی لەماوەی 70 ساڵی رابردوو، لە تشرینی یەكەمی رابردوودا 10.4%ی تۆماركرد، بەپێی ئەو ئامارە فەرمییانەی هەینی بڵاوكرایەوە.
ئەو هەڵاوسانە كاریگەری لەسەر توانای كڕینی خێزانەكان دەبێت و كەرتی پیشەسازیش رووبەڕووی دژواری دەكاتەوە.