نەرمین مەعروف: پشكی هەرێم لە یاسای بودجە بەپێی ژمارەی دانیشتووان 14%ە نەك 12.67 %

ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، بەپێی خەمڵاندنەكانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی كوردستان نزیكەی شەش ملیۆن كەسە و بەو پێیەش 14%ی ڕێژەی دانیشتووانی عێراق پێكدەهێنێت، دەبێت لە پڕۆژەیاسای بودجەشدا پشكی هەرێم زیادبكرێت بۆ 14% نەك 12،67% كە ساڵانی ڕابردوو ئەو ڕێژەیە لە یاسای بودجە بۆ هەرێمی كوردستان جێگیركراوە.

د. نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، “لە مانگی ئەیلولی ئەمساڵدا نووسراوم بۆ وەزارەتی پلاندانان كرد سەبارەت بە ژمارەی دانیشتووانی هەرێم بەو پێیەی ماوەی 25 ساڵ زیاترە لە عێراق و نزیكەی 35 ساڵە لە هەرێمی كوردستان سەرژمێریی گشتی نەكراوە و ئەوان لەسەر بنەمای خەمڵاندن داتاكان بڵاودەكەنەوە”.
ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، “وەڵامی نووسراوەكەم دراوەتەوە كە ژمارەی دانیشتووانی هەرێم زیاترە لە 5 ملیۆن و 800 هەزار كە پارێزگای هەڵەبجە لەسەر سلێمانی ئەژماركراوە و بەوپێیەش بێت هەرێمی كوردستان 14%ی دانیشتووانی عێراق پێكدەهێنێت”.

ئاشكرایكرد، “پێشوەختە ئەو زانیارییەم لە وەزارەتی پلاندانان وەرگرت كە دەبێت لە پەرلەمانی عێراق داكۆكی لە زیادكردنی پشكی هەرێمی كوردستان بكەین و پشكی 14% بۆ هەرێمی كوردستان لە یاسای بودجەدا جێگیر بكەین”.

بابەتی پێشتر

ئایا ئەمساڵ پەڵەی داوە؟

بابەتی دواتر

سەرۆكی ئاژانسی پاراستن و زانیاری / زانیاری لەگەڵ كونسوڵی گشتیی هۆڵەندا و شاندێكی سەربازیی وڵاتەكە كۆبووەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share