پێدانى ژمارەیەک زەمالەی خوێندنی باڵای (ماستەر و دكتۆرا) بۆ فێرخوازانى هەرێمى کوردستان لەلایەن یۆنانەوە، لە كۆبوونەوەیەكی نێوان وەزیری خوێندنی باڵا و كونسوڵی گشتی ئەو وڵاتە تاوتوێكرا.
نیوەڕۆی ئەمڕۆ ئارام محەمەد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پێشوازیکرد لە ستاڤرۆس کێریمیس، کونسوڵى گشتى یۆنان لە هەرێمى کوردستان.
لە دیدارەكەدا وەزیری خوێندنی باڵا جەختیکردەوە لەسەر هەماهەنگى و پەیوەندى بەردەوام لە بوارى خوێندن و فێربوون لەگەڵ زانکۆ و دامەزراوەکانى وڵاتى یۆنان بەتایبەت بۆ ئاڵوگۆڕى زانستى و ئەکادیمى و پەرەپێدانى تواناکان.
هیواشیخواست هاوشێوەى زۆرێک لە وڵاتى دیکە بتوانن سوود لە سیستم و پرۆسەى خوێندنى باڵاى ئەو وڵاتە لە بوارى پەرەپێدانى توێژینەوەى زانستى و کوالێتى خوێندن بۆ دامەزراوەکانى خوێندنى باڵاى کوردستان ببینرێت، بۆ ئەمەش سوپاسى ئەو وڵاتەى کرد بۆ پێشکەشکردنى ژمارەیەک زەمالەى خوێندن بە زانکۆکانى کوردستان.
لای خۆیەوە کونسوڵى گشتیى یۆنان دوپاتیکردەوە، مەبەستمانە بناغەى پەیوەندییەکى بەهێزى زانستى و ئەکادیمى لەگەڵ وەزارەتى خوێندنى باڵاى هەرێم دابڕێژین، لەبوارى خوێندن و فێربوون هاوکار و هەماهەنگى دامەزراوەکانتان بین، بۆ ئەوەش پلانى وڵاتەکەى لەو چێوەیەدا خستەڕوو.
هەر لە دیدارەکەدا پێدانى ژمارەیەک سکۆلەرشیپى خوێندن بۆ فێرخوازانى هەرێمى کوردستان لەلایەن وڵاتى یۆنان گفتوگۆى لەبارەوە کرا بەتایبەت ئەو پسپۆڕى و بوارانەى پێویستى هەرێمى کوردستانە، کە ئەمەش دواى سەردانى وەزیرى خوێندنى باڵاى هەرێم و وەفدى وەزارەت دێت بۆ ئەو وڵاتە و ئیمزاکردنى لێکگەیشتنى هاوبەش بۆ پەرەپێدان و ئاڵوگۆڕى زانستى و ئەکادیمى لەنێوان هەردوولا. لەو چوارچێوەیەشدا بڕیاردرا دواى داڕشتنەوەى مەرج و رێنماییەکان، وردەکاریى زەمالەکە رابگەیەنرێت بۆ ئەوەى فێرخوازان بەبێ جیاوازى مافى پێشکەشکردنیان هەبێت.