سەرۆك كۆمار: ئابوریی عێراق بەهێزە

لەتیف رەشید سەرۆك كۆمار دەڵێت، عێراق ئابورییەكی بەهێزی هەیە و دەتوانێت پڕۆژە جێبەجێبكات.

ئەمڕۆ سێشەممە لەتیف رەشید سەرۆك كۆماری عێراق، لە شوێنی مانەوەی لە شەرەم شێخی میسر پێشوازیكردووە لە جەیمس كریڤەرلی وەزیری بەریتانیا بۆ كاروباری دەرەوە، وەك نووسینگەی میدیایی سەرۆك كۆمار ئاشكرایكردووە و دەڵێت، “پەیوەندیی دۆستانە و هاریكاریی نێوان عێراق و بەریتانیا و چۆنێتیی بەهێزكردنیان تاوتوێكراون”.

بەپێی راگەیەندراوەكە، سەرۆك كۆمار باسی لە ئاڵنگارییە ئابورییەكانی گەلی عێراق لە سەردەمی شەڕی دژ بە تیرۆریستان كردووە و ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە كە “ئێستا عێراق لە دۆخێكی ئابوریی بەهێزدایە، بە جۆرێك دەتوانێت پڕۆژە بۆ خزمەتكردنی رۆڵەكانی جێبەجێبكات”.

لەتیف رەشید ئاماژەی بۆ مەترسییەكانی گۆڕانی ئاووهەوا كردووە و رایگەیاندووە، “گۆڕانی ئاووهەوا كاریگەریی لەسەر تەواوی مرۆڤایەتی هەیە، بەڵام عێراق زۆرترین زیانی بەركەوتووە”.

نووسینگەی میدیایی سەرۆك كۆمار راشیگەیاندووە، جەیمس كریڤەرلی وەزیری بەریتانیا بۆ كاروباری دەرەوە بە پێویستی زانیوە پەیوەندییەكانی عێراق و بەریتانیا فراوانبكرێن، بە تایبەت لە بەرەنگاربوونەوەی دیاردەی گۆڕانی ئاووهەوا و پاراستنی ژینگەدا.

بابەتی پێشتر

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سلێمانی ژمارەیەک هەلی کار رادەگەیەنێت

بابەتی دواتر

گەنجێك 180 هەزار دۆلاری بردووە و "مایەپووچ بووە"

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share