بودجەی عێراق 100 ملیار دۆلار دەبێت و وادەی پەسەندكردنی ئاشكراكرا

حكومەتی عێراق جەختدەكاتەوە كە پەلەیەتی لە ناردنی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2023 بۆ ئەنجومەنی نوێنەران و دەیانەوێت لە ماوەیەكی نزیكدا پەسەندبكرێت، پەرلەمانتارێكیش بڕی بودجەكە و پشكی پێشبینیكراوی هەرێمی كوردستان بۆ ئێستا ئاشكرادەكات.

د. نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەران رایگەیاند، “پێشبینیدەکرێت لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا، پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2023ی عێراق لەلایەن حکومەتەوە رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران بكرێت و گفتوگۆکان بۆ پەسەندکردنی زیاتر لە دوو مانگ بخایەنن”.

وتیشی، “پێشبینیدەکەین بودجەكە نزیکەی 100 ملیار دۆلار بێت، چونکە بۆ ساڵی 2022 عێراق بودجەی نەبووە”.

لەبارەی پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی گشتیی عێراق، د. نەرمین مەعروف وتی، “تا ئێستا هیچ داتایەکی فەرمی لەو بارەیەوە نییە، بەڵام ئەگەر بە رێژەی دانیشتووان بێت، نابێت پشكی هەرێم لە 14٪ کەمتربێت، ئەوەش بەپێی ئەو داتایەی کە ماوەیەک پێش ئیستا من لە وەزارەتی پلاندانانی عێراقم وەرگرتووە سەبارەت بە ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی كوردستان بۆ ئەمساڵ، كە دەریخستووە دانیشتووانی هەرێم رێژەی 14%ی دانیشتووانی عێراق پێكدەهێنن”.

بەپێی زانیارییەكان، بڕیارە لە پڕۆژەیاسای بودجەدا نرخی بەرمیلێك نەوت بە 75 دۆلار دیاریبكرێت و كورتهێنان لە بودجەدا روونەدات، بەو پێیەی پارەی یەدەگی عێراق گەیشتووەتە 85 ملیار دۆلار و لە ساڵی 2003ـوە تا ئێستا زۆرترینە.

بابەتی پێشتر

سلێمانی.. زەوی بۆ دروستكردنی یەكەی نیشتەجێبوون بۆ كرێنشینان دیاریكرا

بابەتی دواتر

هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی مریشک ئاشکراکرا

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

نرخی نەوت دابەزی

بەیانی ئەمڕۆ نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان نزمبوونەوەیەکی کەمی بەخۆیەوە بینی و نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت…
Total
0
Share