بارانی دەستكرد چۆنە و دەكرێت لە هەرێم جێبەجێ بكرێت؟

بۆ چارەسەركردنی كەمی بارانبارین لە وەرزی داباریندا پەنادەبرێتەبەر بارانی دەستكرد، شارەزایەكی كەشناسیی هەرێم دەڵێت، دوو رێگا بۆ ئەو جۆرە بارانبارینە هەیە و لایەنە ئەرێنی و نەرێنییەكانیشی رووندەكاتەوە.

ئاسۆ كەمال، بەڕێوەبەری کەشناسی و بوومەلەرزەزانی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، بارانبارینی دەستكرد پرۆسەی ھاوتاکردن، ھاندان و زیادکردنی بارانبارینە لە ھەورەکان لە ناوچە دیاریکراوەکان، بەتایبەت ئەو ناوچانەی بارانبارین تیایاندا کەمە و وەرزانە بەرز و نزمی لە بارانباریندا ھەیە، یان ئەو ناوچانەی کاریگەریی گۆڕانکاییەکانی ئاووھەوای تیادەرکەوتووە و ئاستی باران تیایاندا كەمبووەتەوە.

وتیشی، “مەبەست لەم پرۆسەیە خێراترکردن و چالاککردنی پڕۆسەی بارانبارینە لە ھەورەکان لە ناوچەیەک، کاتێک ئەو ناوچەیە ھەوری تێدابێت و ناوچەکە پێویستی بە بارانبارین ھەبێت، جگە لەوەی لەڕێی ئەم پرۆسەیەوە کاریگەریی تەم لە ناوچەکەدا کەم دەکاتەوە و نایھێڵێت”.

پرۆسەكە پێویستی بە كۆمەڵێك پێداویستیی سروشتی هەیە، وەك ئەوەی ئاسۆ كەمال ئاماژەی پێدا و وتی، “لەوانە بوونی ھەوری کەڵەکە بوو لە ناوچەکەدا، ھەروەھا بوونی نزمە پاڵەپەستۆ لە ناوچەکە و بوونی تەوژمی ھەوای سەرکەوتوو”.

بارانبارینی دەستكرد بە چەند رێگایەك ئەنجامدەدرێت، بەڕێوەبەری كەشناسیی سلێمانی ئەوەی خستەڕوو، رێگای یەكەم رشتن و بڵاوکردنەوەی ھەندێ ماددە یان تێکەڵەی کیمیاییە وەک (یۆدیدی زیو، دووەم ئۆکسیدی کاربۆنی بەستوو یان بەفری ووشک، خوێی شێدار و تەڕ وەکو کلۆریداتی سۆدیۆم و کالیسیۆم و پۆتاسیۆم) كە لەڕێی فڕۆکە و مووشەکەوە بەناو ھەورەکاندا بڵاودەكرێتەوە، بەمە کرداری چڕبوونەوەی ھەورەکان خێراتر و چالاکتر دەبێت و پڕۆسەی بارانبارین خێراتر و زیاتر دەبێت، بەڵام ئەم رێگەیە کاریگەریی نەرێنی لەسەر ژینگە، زیندەوەران، رووەک، خاک و ئاو دەبێت.

رێگای دووەمیش وەك ئەوەی شارەزاكەی كەشناسی ئاماژەی پێدا، رێگەی ئایۆنی سالب (بارگەی سالب)-ە، كە ئەمیان لەڕێی دانانی چەند وێستگەیەك لەسەر بورج و بەرزیدا دەبێت، كە ھەڵدەستن بە ناردن و بڵاوکردنەوەی ئایۆنی بارگە سالبی زۆر بۆ ناو بەرگەھەوا.

روونیشیكردەوە، کاتێک ئایۆنە سالبەکان لەڕێی ئەو نێرەر و بڵاوکەرەوانە لە ھەوادا بڵاودەبنەوە، کارلێک لەگەڵ گەردی تەپوتۆزی خۆڵ و ئەو خڵتانەی لەناو ھەوادا ھەیە دەکەن و بەهۆیەوە کاریگەری لەسەر چڕبوونەوەی ھەورەکان زیاتر و چالاکتر و خێراتر دەبێت، ھەروەھا کاریگەری لەسەر گەشە و گەورەبوونی کریستاڵە بەفرەکان و دڵۆپە ئاوییەکانی ناو ھەورەکان زیاتر دەبێت، پرۆسە فیزیاییەکانی ناو ھەور زیاتر چالاک دەکات و بەمە ھەورەکان زیاتر گەشە و چالاکتر دەکات بۆ بارانبارین.

بە وتەی ئەو رێگای دووەمیان سەلامەتترە و ھیچ پاشماوەیەکی نەرێنی و دژە ژینگەیی لە ھەوادا بەجێناھێڵێت، چونكە ئایۆن مانەوە و تەمەنی لە ھەوادا کەمە و زۆر نامێنێتەوە و ھاوتا دەبێتەوە.

سەبارەت بە لایەنە نەرێنییەكانی پڕۆسەكە ئاسۆ كەمال ئەوەی خستەڕوو، دەبێت لەکاتی ئەنجامدانیدا زۆر بە ووردی و ئاگادارییەوە چاودێری و بەدواداچوونی لەسەر بکرێت و بە بەردەوامی چاودێری بکرێت، چونکە ئەگەر چاودێری وورد نەکرێت ئەوا دەرئەنجامی بارانبارین، کارەساتی لافاوی زۆر و ھەروەھا زۆربوونی کارەبای ستاتیکی لەو ناوچەیەدا دروستدەکات، ھەروەھا زۆرجار دەبێتە ھۆی زیادبوونی گازی ئۆزۆن لە ھەوادا ،

دەربارەی ئەوەی ئایا دەكرێت بارانی دەستكرد لە هەرێم جێبەجێكرد بەرپرسەكەی كەشناسی وتی، دەكرێت ئەنجامبدرێت، بەڵام پێویستی بە تێچوو هەیە، پڕۆسەكە لە زۆرێک لە وڵاتانی جیھان بەسەرکەوتووی ئەنجامدراوە بە تایبەت وڵاتانی وەك ئیمارات و ئوردون و دەرەنجامی باشیشی ھەبووە.

بابەتی پێشتر

سۆران عومەر: شاسوار عەبدولواحید چاڤیلاندی فرۆشتووە

بابەتی دواتر

پۆلیسی هەولێر روونکردنەوە لەبارەی کوژرانی ژنێکەوە دەدات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share