ئاوی سلێمانی: هەڵمەتی لێکردنەوەی پێوەرەکانی ئاو نانیشتمانییە و دەستی لەپشتە

بەڕێوەبەری گشتیی ئاوی سلێمانی، هەڵمەتی لێکردنەوەی پێوەری ئاوی بە نانیشتمانی ناوبرد و ڕایگەیاند، هەر کەسێک پێوەری نەبێت دواتر لە مامەڵەکانیدا سەرجەم بڕە پارەی ئەو ماوەیەی لێوەردەگیرێتەوە و هیچ مامەڵەیەکی بۆناکرێت بەبێ ئەوە.

ماوەی چەند ڕۆژێکە هەڵمەتی لێکردنەوەی پێوەرەکانی ئاو دەستیپێکردووە، بەپێی وتەی هاوڵاتییان، بەهۆی خراپیی کوالێتیی پێوەرەکان و گەڕانەوەی بڕە پارەیەکی زۆر بۆیان، هەڵمەتەکەیان دەستپێکردوە.

سەربەست عوسمان بەڕێوەبەری ئاوی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، “پێوەرەکانی ئاو سێ جۆریان پەسەندکراون و ئێمە لەو سێ جۆرە بەرپرسیارین کە سەرجەمیان بە ڕێكکاری یاسایی دانراون و ڕەزامەندییان لەسەر دراوە”.

سەبارەت بە بوونی کێشە لە پێوەرەکانی ئاودا ئاماژەی بەوەکرد كە بەدڵنیایی کێشەیان تێدا هەبووە و کێشەکان چارەسەرکراون، ئەو کێشەیەشی باسدەکرێت کە پارەی زۆر بۆ خەڵک گەڕاوەتەوە ڕاستە بەڵام چارەسەرکراوە، هەرکەسێکیش ئەو کێشەیەی هەبووبێت و چارەسەرنەکرابێت “ئێمە بەردەوامین لە بەدواداچوون تاوەکو سەرجەمیان چارەسەربکەین”.

جەختیکردەوە، “کوالێتیی پێوەرەکان گونجاوە لەگەڵ کەشوهەوا و سروشت و ئاوی شاری سلێمانی و هەرێمی کوردستان و پێشتر دیراسەی کراوە”.

سەربەست عوسمان باسی لەوە کرد، گلەییەکانی خەڵک لەو بارەیەوە لە جێگەی خۆیاندا نین، چونکە پێوەرەکان بەراورد بەو میکانیزمەی پێشتر بەکاردەهێنرا کە ڕووبەری شوێنەکە کرابوو بەپێوەر زۆر باشترە، ئەگەرنا ئەو کەسانەی گلەییان هەیە ئەوانەن کە حەزیان لە بەکارهێنانی ئاوە بەشێوەی هەڕەمەکی و بەفیڕۆدانی سامانی گشتی.

وتیشی، “هەڵمەتی لێکردنەوەی پێوەرەکان هەڵمەتێکی نانیشتمانییە، کە هیچ پاساوێکی نییە تەنانەت ڕەنگە هەندێک بەرژەوەندیی لەپشتەوەبێت”.

سەبارەت بە چۆنێتیی مامەڵەکردنیان لەگەڵ ئەوانەی پێوەرەکانی ئاو لێدەکەنەوە لە کەمپەینەکەدا، بەڕێوەبەری ئاوی سلێمانی جەختیکردەوە، “هەر کەسێک پێوەری ئاو لێبکاتەوە، هەر کاتێک پێویستیی بکەوێتە مامەڵەکانی حکومەت بۆ کاروباری موڵکەکەی بۆ هەر موڵکێکی نیشتەجێ مانگانە 80 هەزار دیناری بۆ هەژماردەکرێت و بۆ هەر موڵکێکی بازرگانی یان کشتوکاڵی یان جۆری دیکە مانگانە 200 هەزار هەژماردەکرێت، ئەمە سزا نییە بەڵکو لەبری ئەو ماوەیەیە بەبێ پێوەر ئاوی بەکارهێناوە”.

سەبارەت بە پێداچوونەوە بۆ پێوەری ئاو ئاماژەی بەوە کرد، کە ئێستا چارەسەرێک دانراوە دوای پێداچوونەوە بە سیستمی پێوەرەکانی ئاو، هەر کەسێک زیاتر لە 45 هەزاری بۆ بگەڕێتەوە زیادەکەی لێوەرناگیرێت و تەنها 45 هەزاری لێوەردەگیرێت.

بەڕێوەبەری ئاو بڕیارەکەی بە پاڵپشتی بۆ هاوڵاتییان ناوبرد و جەختیکردەوە کە دەبووایە ئەو پارەیە زیاتر بووایە بەڵام وەزارەت ئەوەی بە باشتر زانیوە لەبەر بەرژەوەندیی خەڵک.

بابەتی پێشتر

مۆرینیۆ لەڕاگرتنی پاسەوە بۆ تۆمەتبارکردنی یاریزانەکانی هەنگاویناوە

بابەتی دواتر

ئەو جۆرە ماسییەی بەبێ مێشک و دڵ دەژی

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share