سۆران عومەر: شاسوار عەبدولواحید چاڤیلاندی فرۆشتووە

سۆران عومەر ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ پرۆژەی چاڤیلاندی بە 424 ملیار دینار فرۆشتووە.

سۆران عومەر ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ” دوێنێ شاسوار عەبدولواحید بە شێوەی نادروست و بە شێوەی هەڵچوو و مامەڵەی نەشیاو، هەندێک تۆمەتی هەڵڕشت لەسەر من و عەلی حەمەساڵح، ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی منی کردووە، هەمان ئەو تۆمەتە بوو کە لە رابردوودا ئاراستەی شیروان شیروانی کرد و ئێستا ساتەکانی لە زیندان بەسەردەبات”.

باسی لەوەش کرد، “من وەک پیشەی پەرلەمانتاریم لە زەمەنی خۆیدا شاسوارم ناسیوە و بەرگریم لێکردووە لە رووی مافی مرۆڤ ئەو کاتەی زیندانی کراوە، بەڵام مانای ئەوە نییە چاوپۆشی بکەین لەو دۆسیانەی کە لەسەریەتی”.

ئاماژەی بەوەش کرد، “لە 6-10-2011 سەرمایەی کۆمپانیاکەی شاسوار عەبدولواحید یەک ملیۆن دینار بووە، لەماوەی یەک رۆژدا کردوویەتی بە 105 ملیار دینار، بە نایاسایی و بەبێ ئەوەی پارەی نەقد بوونی هەبێت، ئەمەشی کردووە بە پشک لە پارەی هاوڵاتیانی هەرێم، ئەم دۆسیەیە سەدان داوای یاسایی هاوڵاتیانی لەسەرە، بەڵام دۆسیەکە داخرا”.

باسی لەوەش کرد، “لە ساڵی 2013 دەستی کردووە بە وەرگرتنی قەرز لە پارەی خەڵک بە بڕی 42 ملیار دینار، بە سوود وەریگرتووە، رەهنی ئەمەش بۆ شوقەکانی گوندی ئەڵمایی بووە، لەوەش کارەساتتر دواتر چاڤیلاند دەکات بە رەهنی ئەو قەرزەی بە سوود وەریگرتووە”.

ئاشکراشی کرد، “شاسوار عەبدولواحید پرۆژەی چاڤیلاندی بە 424  ملیار دینار بە کۆمپانیای سەما لوئلوئـ  فرۆشتووە، داوا لە دەزگا ئەمنییەکان دەکەم لێکۆڵینەوە لەمە بکەن”.

بابەتی پێشتر

فەرمانبەرێکی فڕۆکەخانەی هەولێر: ناحەقیم بەرامبەرکراوە و هەڕەشەشم لێدەکەن

بابەتی دواتر

بارانی دەستكرد چۆنە و دەكرێت لە هەرێم جێبەجێ بكرێت؟

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share