داوای راگرتنی هاوردەکردنی مریشکی بەستوو دەکرێت

سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکانی سلێمانی رایگەیاند، داوامان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی کردووە هاوردەکردنی مریشکی بەستوو رابگرن، چونکە بەرهەمی خۆمان بەشی پڕکردنەوەی پێداویستییەکان دەکات.

نازم عەبدوڵا سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکانی سلێمانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، “ئەمڕۆ سەردانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیمان کرد بە سوپاسەوە گوێ لە داواکارییەکانمان گیرا، بەڵام پێویستە ئەوان بە دڵ پشتی خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکان بگرن”.

ئاماژەی بەوەش کرد، “لە نێوان هەولێر و سلێمانی 100 بۆ 50 دۆلار جیاوازی لە نرخی عەلەفدا هەیە، لە هەولێر نرخەکەی هەرزانترە، کێشەی دووەممان ئەوەیە ئێمە بەرهەمێکی باشی خۆماڵیمان هەیە، پێویست ناکات مریشکی بەستووی دەرەکی هاوردە بکرێت، جگە لەوەش دەمانەوێت بەبازاڕکردنێکی باشی بەرهەمی خۆماڵی هەبێت، ناکرێت نرخەکەی هەر رۆژە و بە جۆرێک بێت، هاوکات وا وەرزی سارد و سەرما دەستپێدەکات داوا دەکەین بەنزین و گازی کێڵگە پەلەوەرییەکانمان بۆ دابینبکرێت”.

لای خۆیەوە کاسترۆ مەعروف، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی وتی، “ئەو داواکاری و بابەتانەی پەیوەندیان بە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانییەوە هەیە، بەڵێنمان بە خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکان داوە بەدواداچوونیان بۆ دەکەین، خاوەن کارگەکانی عەلەف بانگهێشتی ئەنجومەنی پارێزگا دەکەین، هەوڵی یەکخستنی نرخەکان دەدەین”.

ئاشکراشی کرد، “داواکاری خاوەن کێڵگەکان هەیە، هاوردەکردنی مریشکی بەستوو تەنها بۆ پارێزگای سلێمانی رابگیرێت، بۆ شوێنەکانی دیکە کێشەیان نییە، هاوکات بەڵێنیشیان پێداوین پابەندبن بەو نرخانەی دیاریکراوە و نرخی مریشک بەرزنەکەنەوە”.

بابەتی پێشتر

عێراق سێیەمین هاوردەکاری بەرهەمەکانی تورکیایە

بابەتی دواتر

چاڤی دۆخی یاریزانە پێکراوەکانی ئاشکراکرد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share