محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق، لە یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا دوو بڕیارى بۆ وەزیرەکانی دەرکرد و كارێكی لێقەدەغەكردن.
ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی، محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق، سەرپەرشتیی یەكەم كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی كابینەی نوێی حكومەتی كرد. دوای كۆبوونەوەكە نووسینگەى میدیایی سەرۆک وەزیران راگەیەندراوێکى بڵاوكردەوە و رایگەیاند، لە کۆبوونەوەكەدا سەرۆك وەزیران جەختیکردووەتەوە لەوەی کە “دەبێت وەزیرەکان لە ماوەى یەك هەفتەدا سامانی خۆیان ئاشکرابکەن”.
سەرۆك وەزیرانی عێراق دووپاتیكردووەتەوە كە پوێستە پرۆسەی دەستاودەستكردنی دەسەڵات لە وەزارەتەكاندا بە هێمنی و بەپێی رێكارەكان بكرێت و بە وەزیرەكانی وتووە، “پێویستە خۆتان دووربگرن لە بڕیاردانی بەپەلە و دەركردن و پەراوێزخستن”.
وەك راگەیەندراوەكە ئاماژەی بۆ كردووە، سودانى فەرمانى بە وەزیرەکان کردووە بەڕێوەبەرى نووسینگەکانیان تەنها لە فەرمانبەرانى وەزارەتەکانیان دیاریبکەن و دووربکەونەوە لە پێدانى ئەو پۆستانە بە کەسانى سیاسی و هێنانی كەس لە دەرەوەی وەزارەتەكان بۆ وەرگرتنی پۆستی بەڕێوەبەری نووسینگەی وەزیر و رایگەیاندووە، لە وەزارەتەكاندا كەسانی شارەزا و دەستپاك هەن دەتوانن ئەو پۆستانە وەربگرن.