ئێشكگری كەناراوەكانی ئیتاڵیا رزگاركردنی زیاتر لە 1100 كۆچبەر لەسەر دوو بەلەم رادەگەیەنێت و دەڵێت، دوو تەرمیش لە ئاوەكانی دەریای سپیی ناوەڕاستدا دەرهێنراونەتەوە.
رێكخراوی ئەلەرم فۆن-ی ناحكومی رایگەیاند، پڕۆسەی رزگاركردنەكە بۆ دوو بەلەم ئەنجامدرا كە رووبەڕووی دژواری ببوونەوە لە ئێوارەی سێشەممە و بەیانی ئەمڕۆ، دوای ئەوەی پێكەوە كەناراوەكانی لیبیا-یان جێهێشتبوو.
ئەوەشی وت، “پێمانوترا یەكێكیان نزیكەی 700 كەس و دووەم نزیكەی 650 كەسی هەڵگرتووە، پێمان گەیشت كە كەسێك گیانیلەدەستداوە و بزوێنەرەكانیان كارناكات” بەهۆیەوە داوای بەهاناوەچوون و رزگاركردنیان كرد.
بەپێی ئێشكگری كەناراوەكان، كەشتییەكەیان (دیسیوتی) 416 كەسیان لە بەلەمی یەكەم رزگاركردووە، لەكاتێكدا تیمێكی ئیسپانی 78 كەسی رزگاركردووە، بەلەمی دووەمیش لە شەودا رزگاركراوە، چوار تیمی سەر بە ئێشكگری كەناراوەكانی ئیتاڵیا نزیكەی 663 كەسیان رزگاركردووە و دوو تەرمیشیان دەرهێناوەتەوە.
دوێنێ جۆرجیا میلۆنی، سەرۆك وەزیرانی نوێی ئیتاڵیا بەڵێنیدا بە “راگرتنی كۆچی نایاسایی لە ئەفریقاوە و دانانی سنوورێك بۆ بازرگانیكردن بە مرۆڤەوە” لە دەریای سپی ناوەڕاستدا.