یەكێتی فشار دەكات
پەرلەمانتارێك: یەكێتی پێداگیرە لەسەر وەرگرتنی دوو وەزارەت

یەكێتی پێداگیری دەكات لەسەر وەرگرتنی دوو وەزارەت لە حكومەتی نوێی عێراقدا، پەرلەمانتارێكی حزبەكە، فشارەكانیان بۆ ئەو مەبەستە و وردەكاریی هەوڵەكانی پێكهێنانی كابینەی حكومەت بۆ ئێستا دەخاتەڕوو.

لە لێدوانێكدا بۆ ئێستا، د. گەیلان قادر ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەران رایگەیاند، یەكێتی فشار دەكات بۆ ئەوەی دوو وەزارەت لە حكومەتی نوێی عێراقدا بەدەستبهێنێت و بە شایستەی خۆی دەزانێت.

لەبارەی ئەو دوو وەزارەتەی یەكێتی دەیەوێت وەریانبگرێت، د. گەیلان وتی، “هەردوو وەزارەتی داد و ژینگە بە مافی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەزانین و هەوڵ بۆ وەرگرتنیان دەدەین و پێداگیری لەسەر ئەو پرسە دەكەین”.

لە دوای راسپاردنی بۆ پێكهێنانی حكومەت، محەمەد شیاع سودانی جەختیدەكردەوە كە خۆی وەزیر بۆ وەزارەتە سەروەرییەكان دەستنیشاندەكات و رێگەنادات لایەنەكان كاندید بۆ ئەو وەزارەتانە دیاریبكەن كە بریتین لە ناوخۆ، بەرگری، دارایی، نەوت و دەرەوە، بەڵام بەپێی وتەی پەرلەمانتارەكە، ئێستا سودانی هەڵوێستی گۆڕیوە و دەڵێت، “قایلە بەوەی تەنها هەردوو وەزارەتی تەندروستی و كارەبا خۆی وەزیریان بۆ دەستنیشانبكات”.

كابینەی حكومەتی عێراق لە 24 وەزارەت پێكدێت كە چوار وەزارەتیان بۆ كوردن، شیعە 12 وەزارەت و سوننەكان شەش وەزارەت، وەزارەتێك بۆ پێكهاتەكان و وەزارەتێك بۆ توركمان و هەوڵێك هەیە سبەینێ پێنجشەممە ببرێتە پەرلەمان بە مەبەستی بەخشینی متمانە بە كابینەكە، بەڵام تا ئێستا كاندیدی پۆستی هیچ وەزارەتێك بە فەرمی یەكلانەكراوەتەوە. لەو بارەیەوە د. گەیلان قادر دەڵێت، “ئەگەر سودانی رێژەی 50 كۆی یەك لە سەدی وەزارەتەكان واتە 13 وەزارەت یەكلابكاتەوە، دەتوانێت متمانەی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ كابینەكەی بەدەستبهێنێت و حكومەتەكە دەستبەكارببێت”.

بابەتی پێشتر

چوار کەس بە تۆمەتی داربڕین دەستگیرکران

بابەتی دواتر

ڕیاڵ مەدرید نوێنەری ڕەوانەی بەڕازیل کردووە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share