حكومەت بێ گەڕانەوە بۆ پەرلەمان قەرز دەكات.. لاوازی پەرلەمان یان یاساشكێنی؟

بۆ دابەشكردنی موچەی ئەم مانگە جارێكی دیكە حكومەتی هەرێم پەنا دەباتە بەر قەرزكردن، پەرلەمانتارێكیش دەڵێت، ئەو هەنگاوەی حكومەت “نایاساییە”.

حكومەتی عێراق، هاوشێوەی هەرێم بۆ پێدانی موچە و پڕكردنەوەی كورتهێنانەكانی پەنای بردە بەر قەرز، بەڵام بۆ ئەو مەبەستە داوای كرد پەرلەمانی عێراق ڕێگای پێبدات و بێ پەرلەمان ئەو كارەی نەكرد، بەڵام حكومەتی هەرێم ئەو كارەی نەكرد، لەوبارەیەوە بزوتنەوەی گۆڕان پەرلەمانی كوردستان بە “بێ كاریگەر و لاواز” ناودەبات.

“حكومەت قەرز دەكات و پرس بە پەرلەمان ناكات”

بەشێكی پەرلەمانتارانی هەرێم، حكومەت بەوە تۆمەتبار دەكەن لە پرسە هەستیارەكاندا ناگەڕێتەوە بۆ پەرلەمان، ئەندامێكی لیژنەی یاساییش دەڵێت، “حكومەتی هەرێم یاساشكێنی كردووە”.

عەباس فەتاح، جێگری سەرۆكی لیژنه‌ى كاروبارى یاسایى پەرلەمانی كوردستان بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “بودجە نەهاتووەتە پەرلەمان بۆ ئەوەی بزانین داهاتی ئەم وڵاتە چەندە، لەوێوە چەند ساڵە یاساشكێنی كراوە، كە بودجەش نەهاتە پەرلەمان ئێمە نازانین چەند قەرز دەكەن، بۆچی قەرز دەكەن و لەكوێی قەرز دەكەن، ئەوە لە بنەڕەتەوە نایاساییە”.

ئەو پەرلەمانتارەی یەكێتی لە لیژنەی یاسایی ئەوەشی خستەڕوو، “پێویستە بۆ هەموو ئەو قەرزانە و پاشەكەوتكردنی موچە و لێبڕینی موچە و ئەمانە، هەرلەسەرتاوە حكومەت بهاتایە و بەبێ پرسی پەرلەمان نەیكردایە، بۆیە ئەم قەرزكردنانەی حكومەتی هەرێم هیچ سیفەتێكی یاساییان تێدانییە”.

سەبارەت بەوەی پەرلەمان تاچەند زانیاری لەسەر ئەو قەرزانە هەیە؟، عەباس فەتاح وتی، “نازانین چۆنی قەرز دەكەن و لەكوێی قەرز دەكەن و دوایی چۆن دەیدەنەوە، هەموو ئەمانەی حكومەت دەیانكات نایاسایین، بێگومان ئەم هەموو قەرزەش لەسەر نەوەی داهاتوو كۆدەبێتەوە و دواتر چۆنی دەدەیتەوە ئەبێت حكومەت وەڵام بداتەوە”.

“پەرلەمانی كوردستان لاوازە… پەرلەمانی عێراق زیندووە”

ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە 5ی كانونی یەكەم، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا، پەیامنێری تۆڕی میدیایی ئێستا پرسیارێكی ئاڕاستەی عەدنان عوسمان، وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان كرد دەربارەی قەرزكردن لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە بەبێ گەڕانەوە بۆ پەرلەمانی كوردستان، وتەبێژەكەی گۆڕان وتی، “ئەوە یەكێكە لە نیشانەكانی ناچالاكی و بێهێزی پەرلەمانی كوردستان”.

عەدنان عوسمان ئەوەشی خستەڕوو، “ئەو ماوەیەی گۆڕان كورسیی زۆری هەبوو، پەرلەمانی كوردستان دەستی بۆ هەموو پرسەكان دەبرد، بەڵام ئێستا پەرلەمان لاوازە و قودرە و ئیدارەی بەهێز نییە بۆیە شانی خاڵی كردووەتەوە لەو پرسانەی پەیوەندی بە خەڵكەوە هەیە، بەڵام پەرلەمانی عێراق پەرلەمانێكی زیندووە”.

“پاشەكەوت لەو خولەدا كرا كە سەرۆكی پەرلەمان گۆڕان بوو”

سەبارەت بە وتەكانی وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان، عەباس فەتاح، جێگری سەرۆكی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی كوردستان وتی، “پاشەكەوت و قەرزكردن، لە خولی ڕابردوودا هات كە سەرۆكەكەی گۆڕان بوو، هەموو لایەك دەزانین حزب بەڕێوەی دەبات و پارتیش دەسەڵاتی یەكەمە، ئەوە پارتییە بەهیچ جۆرێك ناگەڕێتەوە پەرلەمان”.

“لە هەرێم هەموو شتێك بەدەست حزبەكانە و ئەوەش پەرلەمانی لاواز كردووە، هەرچەندە هەندێك پەرلەمانتار هەوڵیانداوە كە ڕۆڵی خۆیان ببینن و ڕاستییەكان ڕابگەیەنن، بەڵام واقیعی هەرێمی كوردستان بەو جۆرەیە نەك ئۆباڵی بخرێتە سەر پەرلەمانی كوردستان، خۆ پەلەمان 12 ئەندامی گۆڕانی تێدایە، 21ی یەكێتی تێدایە و هی گۆڕان و ئیسلامییەكان و نەوەی نوێ و توركمان و مەسیحی تێدایە”، عەباس فەتاح وتی.

ئاماژەی بەوەشكرد، “من ئۆباڵی لاوازی پەرلەمان ناگەڕێنمەوە بۆ سەرۆكی پێشوو یان ئێستای پەرلەمان، بەڵكو ئەمە واقیعی هەرێمی كوردستانە ئۆباڵەكەی لەسەر حزبەكانی هەرێمی كوردستانە و بەدەرەجەی یەك لەسەر پارتییە”.

“حكومەت بۆ پێدانی موچە 205 ملیۆن دۆلار قەرز دەكات”

جوتیار عادل، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان 2ی كانونی یەكەم لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا وتی، “وەك دەزانن داهاتی حكومەتی هەرێم بەشی ئەو هەموو موچەیە ناكات، لەكاتێكدا دابینكردنی موچە پێویستی بە 755 ملیۆن دۆلار هەیە، حكومەتی هەرێم بۆ ئەم مانگە 355 ملیۆن دۆلار كورتهێنانی هەیە”.

وتەبێژی حكومەتی هەرێم ئەوەشی خستەڕوو، “بۆ دابینكردنی موچەی ئەم مانگە بە تەمویلی 79% (واتا لێبڕنی 21%)، حكومەت 205 ملیۆن دۆلار قەرز دەكات، پاش ناردنی پارەكەی بەغداد قەرزەكە دەداتەوە”.

“پشكی هەرێم لە بەغدادەوە 265 ملیۆن دۆلارە، لەو پارەیە 205 ملیۆن دۆلاری دەدرێتەوە بە قەرز و 60 ملیۆنی دەمێنێتەوە و تەرخاندەكرێت بۆ موچەی داهاتوو”، وەك جوتیار عادل ئاشكرایكرد.

وتەبێژەكەی حكومەت ئاماژەی بەوەشكردبوو، “ئەو وردەكارییەی بۆ ئەوەیە هاوشێوەی 400 ملیارەكە دواتر پرسیار لەبارەی چارەنوسی پارەكەی بەغداد نەكرێت”.

بابەتی پێشتر

ڕۆژنامەیەك بڕیارێكی ئەمریكا وەك جێگرەوەی داخستنی باڵیۆزخانەكەی لە بەغداد ئاشكرادەكات

بابەتی دواتر

کریستیانۆ و نمایشی گۆڵی ژمارە 750

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

كەی 320 ملیارەكە دەگات؟

بڕیارە ڕۆژی یەكشەممەی هەفتەی داهاتوو، ئەو بڕە پارەیە بخرێتە سەر حسابی هەرێمی كوردستان كە وەك بەشێك لە موچەی…
زیاتر ببینە

نۆژه‌نكردنه‌وه‌ى به‌شه‌ناوخۆییه‌كان ته‌واوكران.. ده‌وامى زانكۆی سلێمانى ده‌ستپێده‌كاته‌وه‌

دواى چه‌ندین ڕۆژ كاركردن له‌ به‌شه‌ ناوخۆییه‌كانى زانكۆی سلێمانى دواجار كاره‌كانى ته‌واوكران و یەكشەممە خوێندن له‌ زانكۆكه‌ ده‌ستپێده‌كاته‌وه‌.…
Total
0
Share