رێكخراوی كۆچی نێودەوڵەتی دەڵێت، زیاتر لە 29 هەزار كەس لەمیانەی گەشتەكانی كۆچ بەرەو ئەوروپا لە ساڵی 2014ەوە بوونەتە قوربانی، پێنج هەزاریان تەنها لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا بووە.
پڕۆژەی كۆچبەرانی بێسەروشوێن-ی سەر بە رێكخراوەكە هۆشداریدا لە “ژمارەی زیاتری گیانلەدەستدان لەرێگای دەریای ناوەڕاست، سنوورە وشكانییەكان بەرەو ئەوروپا و ناو كیشوەرەكە”.
بەپێی راپۆرتی رێكخراوەكە، تائێستا ناوەڕاستی دەریای ناوەڕاست خوێناویترین رێگای كۆچە، دوو هەزار و 836 كۆچبەر و پەنابەر لە كانونی دووەمی 2021ەوە لەو رێگایەدا گیانیان لەدەستداوە لەكاتی هەوڵدانیان بۆ گەیشتنە ئیتاڵیا یان ماڵتا، لەڕێی پەڕینەوە بەشێوەیەكی بنەڕەتی لە لیبیا و تونس-ەوە.
دووەم خراپترین رێگا، رێی ئەتڵەسییە لە رۆژئاوای ئەفریقاوە بەرەو دوورگەی كەناریی ئیسپانی، كە زیاتر لە 1500 حاڵەتی مردنی لە ساڵی 2021ەوە تیا تۆماركراوە.
توێژەرانی پرۆژەكە دان بەوەدا دەنێن كە ئەو ژمارانە كەمترە لە ژمارەی راستەقینەی قوربانییان، بەهۆی ئاستەمی لە كۆكردنەوەی و دوپاتكردنەوەی زانیارییەكان لەبارەی ئەو بەلەمانەی لە دەریادا وندەبن بەبێ شاهێدحاڵ.
هەروەك تێبینی زیادبوونی ژمارەی گیانلەدەستدان لە ناوچەكانی دیكەی سەر سنوور لەگەڵ ئەوروپا كراوە، لەوانەش یۆنان، وڵاتانی بالكانی رۆژئاوا و كەناڵی ئینگلیز.
بۆ یەكەمجار، ئامارەكە گیانلەدەستدانی 252 كەسی بەهۆی پرۆسەكانی گەڕاندنەوە یان دەركردنی زۆرەملێ لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئەوروپییەوە لەخۆدەگرێت.