ماوەی چەند رۆژێكە بەهای دۆلاری ئەمریكی بەرامبەر بە دیناری عێراقی دابەزیوە و چەند پەرلەمانتارێكی عێراق دەڵێن، نووسراوی فەرمییان پێشكەش بە حكومەت كردووە بۆ ئەوەی پێداچوونەوە بە بەهای دۆلاردا بكرێت و بانگەشەی ئەوە دەكەن كە بەهای 100 دۆلاری ئەمریكی بۆ 120 هەزار دینار كەمدەكەنەوە، بەڵام ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەران، پشتبەست بە راپۆرتی بانكی ناوەندی ئەو دەنگۆیانەی رەتكردەوە.
د. نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەران، راستیی هەوڵەكانی دابەزاندنی بەهای دۆلاری بۆ ئێستا ئاشكراكرد و رایگەیاند، بانکی ناوەندی نیازی دابەزاندنی نرخی دۆلاری نییە و وتی، “وەک لیژنەی دارایی پرسیارمان لە پارێزگاری بانكی ناوەندی كرد سەبارەت بە دەنگۆی دابەزاندنی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار، لە وەڵامدا بانكی ناوەندی جەختیكردەوە کە نیازی گۆڕانكاریكردنی لە بەهای دۆلاردا نییە”.
ئەندامەكەی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەران، پاڵنەرەكانی بانكی ناوەندیی بۆ هێشتنەوەی بەهای دۆلار لەم ئاستەی ئێستایدا، گەڕاندەوە بۆ چەند هۆکارێک كە بانكەكە لە راپۆرتێكدا بۆ لیژنەی دارایی ئاشكرایكردوون و رایگەیاند، “نرخی ئێستای دۆلار چەند دەرئەنجامێكی ئەرێنیی هەبووە و كورتهێنانی لە بودجەی حکومەتدا کەمکردووەتەوە، تەنانەت لە رێگەی بەرزكردنەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار، حکومەتی عێراق توانیویەتی بەشێك لە قەرزە ناوخۆیی و دەرەکییەکانیشی بداتەوە”.
بەپێی راپۆرتەكەی بانكی ناوەندی، چەند جارێك گۆڕانكاریكردن لە نرخی دۆلار لە ماوەیەكی لێکنزیکدا، ناجێگیری لە بازاڕی دراودا دروستدەکات و بێمتمانەیی هاوڵاتییان بەرامبەر بە دینار دەهێنێتە ئاراوە وەك د. نەرمین ئاماژەی بۆ كرد و وتیشی، “بەپێی راپۆرتی بانكی ناوەندی، ئامانجێكی دابەزاندنی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار، بەهێزکردنی توانای کێبڕکێی بەرهەمی خۆماڵی و کەمکردنەوەی خواستە لەسەر هاوردەی بیانی”.