بەهۆی وشکەساڵییەوە 10 هەزار خێزان لە زۆنگاوەکانی عێراق ئاوارەبوون

راپۆرتێكی نێودەوڵەتی ئاشكرای كردووە، ژمارەی ئاوارەبوونی ئەوانەی لە زۆنگاوەکاندا دەژین گەیشتووەتە زیاتر لە 10 هەزار خێزان بەهۆی وشكەساڵییەوە، ئاماژە بەوە كراوە كە هەریەكەیان بەلایەنی كەمەوە ڕێژەی 25%ی ئاژەڵ و گامێشەكانیان لەدەستداوە.

لە راپۆرتێکی ماڵپەڕی (The National)  هاتووە، “زۆنگاوەکانی عێراق کە لە کتێبی پەیمانی کۆندا بە باخی عەدەن ناویان هێنراوە، ئێستا زیانی گەورە و خێرای مەترسییەکانی وشکەساڵییان بەرکەوتووە”.

لە راپۆرتەكەدا ئاماژە بەوەشكراوە، “ئەوەش پاڵنەر بووە بۆئەوەی زیاتر لە 10 هەزار خێزان لە ناوەڕاست و باشووری عێراق، دوای ئەوەی كێڵگە و لەوەڕگەكانیان بەجێهێشتووە، بەدوای سەرچاوەیەكی بژێویدا بگەڕێن”.

باسی لەوەشکردووە، کە چالاكوانان بانگەوازیان بۆ رزگاركردنی زۆنگاوەکان كردووە و داوایان لە وڵاتانی دراوسێ كردووە پشكی ئاوی عێراق زیادبکەن.

جاسم ئەسەدی، چالاکوانی ژینگەپارێز و بەڕێوەبەری ڕێکخراوی ناحکومیی سروشتی عێراق دەڵێت، وێنەکە زۆر خراپە، خەڵکی زۆنگاوەکان لە سەختیدان لەگەڵ دۆخەکەدا بەردەوامن و لە ژێر هێڵی هەژاریدا دەژین.

ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردووە، کە “ئاوی زۆنگاوەکان لە ماوەی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا درێژ بووەتەوە بۆ ڕووبەری 9,650 کیلۆمەتر چوارگۆشە، ئەو ڕووبەرە زیاتر دەبێت بۆ 20 هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشە لە کاتی لافاو و وەرزی بارانبارینی زۆردا.”

ئاماژەی بەوەشکرد، “زۆنگاوەکان زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە لە ئەنجامی فراوانبوونی ڕووبەرەکانی زەویی کشتوکاڵی و گەڕان بەدوای نەوتدا، تا ساڵی 2002 ڕووبەری ئاوی زۆنگاوەکان بچووک بووەوە بۆ تەنها 760 کیلۆمەتر چوارگۆشە”.

لە راپۆرتەکەدا باس لە هەوڵەکانی دوای رووخانی رژێمی پێشوو لە ساڵی 2003 کراوە، بۆ نۆژەنکردنەوەی زۆنگاوەکان، تاوەکو وردە وردە ناوچەکە زیندووبکرێتەوە بە لابردنی ئەو بەربەست و بەنداوانەی کە پێشتر بۆ ئاوەڕۆ دانرابوون، بۆئەوەی ڕێگە بدرێت ئاو بڕژێتە ناویانەوە.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، “تا ساڵی 2005، زۆنگاوەکان 40%ی ڕووبەری سەرەتایی خۆیان وەرگرتەوە و ڕووەکەکان دووبارە گەشەیان کردووەتەوە لەگەڵ گەڕانەوەی دانیشتووانی زۆنگاوەکان بۆی و گەڕانەوەی ئاژەڵداری و ماسیگرتن.”

لە راپۆرتەکەدا  هاتووە کە زۆنگاوەکان لە ساڵی 2016دا، بەهۆی جۆراوجۆری ئیکۆلۆژی و مێژووی کۆنیانەوە، خراونەتە لیستی میراتی جیهانیی یونسکۆوە.

ئەسەدی ڕایگەیاندووە، “لە ئێستادا زۆنگاوەکان بە خراپترین ڕۆژەکانیاندا تێدەپەڕن، ڕێژەی ڕووبەری ئاو بۆ کەمتر لە 8% دابەزیوە بە بەراورد بە ڕێژەکەی لە ساڵی 2005دا”.

ئییاد ئەسەدی، چالاكوانێكی تری ژینگە دەڵێت “دۆخەكە كارەساتبارە، هەركاتێك دەچمە ناو زۆنگاوەکانەوە هەست بە دڵتەنگی و ئازار دەكەم”. بەپێی راپۆرتێكی رێكخراوی نێودەوڵەتیی كۆچ، “پارێزگاكانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق شاهیدی ئاوارەبوون بوون، تا ناوەڕاستی مانگی رابردوو، ئاوارەبوونی 10 هەزار و 464 خێزان، بەهۆی وشكەساڵییەوە تۆمارکراوە، کە ژمارەی کەسەکان 62 هەزار و 784 کەسن. ناوچەی زۆنگاوەکان لە پارێزگاكانی ناسریە و میسان”.

ئاماژەی بەوەشکردووە، “هەر خێزانێک لانیکەم 25%ی قەبارەی ئاژەڵ و گامێشەکانی لەدەستداوە، یان بە فرۆشتوونیان بۆ دابینکردنی پێداویستیەکانیان یان مردون بەهۆی کەمی و خراپی کوالێتیی ئاوەوە”.

بابەتی پێشتر

بایدن ژەمێکی ڤاکسینی نوێکراوەی کۆرۆنا وەردەگرێت

بابەتی دواتر

دەتەوێت دڵت بپارێزیت؟ ئەم سێ خۆراكە مەخۆ

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share