لێپرسراوی بەشی سامانی ئاژەڵ لە بەڕێوەبەرایەتیی كشتوكاڵی گەرمیان ڕایدەگەیەنێت، لە بەشێكی حەوزەكانی تایبەت بە بەخێوكردنی ماسی، سامانی ماسییەكەیان لەناوچووە و جەختیشدەكاتەوە كە بە دواداچوونیان كردووە و پشكنینی پێویست كراوە و دەركەوتووە كە پێدەچێت بەشێكی پەیوەندی بە بوونی ڤایرۆسێكەوە هەبێت كە بەرهەمی ماسی لە پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە بۆ ئەو حەوزانە هێندراوە.
بەختیار ئەحمەد لێپرسراوی بەشی سامانی ئاژەڵ لە بەڕێوەبەرایەتیی كشتوكاڵی گەرمیان لە لێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، پێشتر چەند جارێك هۆشداریمان دایە خاوەنی ئەو حەوزانەی كە ماسی بەخێودەكەن و ماسيی پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق نەخەنە ناو حەوزی بەخێوكردنی ماسییەكانیانەوە.
ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، لە ئێستادا نزیكەی 12 حەوزی تایبەت بەخێوكردنی ماسی لە سنووری گەرمیان زیانیان بەركەوتووە و بەشێكی ماسییەكانیان لەناوچوون كە پێدەچێت پەیوەندی بە جۆرە ڤایرۆسێكەوە هەبێت و ئەو ماسییانەی كە لە پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە هێندراون و تێكەڵ بەو حەوزانە كراون.