بافڵ جەلال تاڵەبانی: فەرماندەکانی یەکێتی کوڕی رۆژی تەنگانەن و بە خوێنی خۆیان کوردستانیان پاراستووە

بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە دەباشان پێشوازیكرد لە شێخ ئەدهەم عوسمان شێخ ئەحمەد بارزانی، كەسایەتی و سیاسەتمەداری كورد.

لە دیدارێكدا كە جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆكی هەرێم ئامادەبوو، گفتوگۆ لەبارەی دۆخی سیاسی، دوایین هەنگاوەكانی پێكهێنانی حكومەت و یەكخستنی هەوڵە نیشتمانییەكان كرا لەپێناو پارێزگاریكردن لە مافە نەتەوەیی و دەستوورییەكانی گەلی كورد.

لە دیدارەكەدا شێخ ئەدھەم عوسمان شێخ ئەحمەد بارزانی نیگەرانیی خۆی بۆ شەهیدبوونی نەقیب زوھێر و برینداربوونی فەرماندە ئاكام عومەر و ژمارەیەك هاوسەنگەری دەربڕی و ئامانجی سەردانەكەشی بۆ سلێمانی ئاشكرا كرد و رایگەیاند، “دەمەوێت لە سلێمانی بارەگایەك بكەمەوە و درێژە بە كاروبارەكانم بدەم”.

لە بەرامبەردا سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی سوپاسی پەرۆشی شێخ ئەدهەمی كرد و وتی، “فەرماندەكانی یەكێتی كوڕی رۆژی تەنگانەن و هەمیشە لەبەرەی پێشەوەی جەنگدا بوون، سڵیان لە هیچ نەكردووەتەوە و بەخوێنی خۆیان كوردستانیان پاراستووە. یەكێتییەكان شانازی بە شەهیدبوونیانەوە دەكەن لەپێناو كوردستان نەك راكردن و هەڵهاتن لە مەترسییەكان”.

لە درێژەی دیدارەكەدا سەرۆك بافڵ پێشوازی لە دەستپێشخەرییەكەی شێخ ئەدهەم عوسمان شێخ ئەحمەد بارزانی كرد و رایگەیاند، “پاڵپشتی ئەم هەنگاوە نوێیەتان دەكەین و سلێمانی شاری هەموو دەنگ و رەنگە جیاوازەكانە و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بزوێنەری ئەو رەوتە رۆشنبیری و دیموكراسییەی سلێمانییە و هیچ كەسێك لەم شارە میوان نییە، بەڵكو ماڵی هەموو كوردێكە و بە درێژایی مێژوو سلێمانی لانكەی بیری سیاسیی جیاواز بووە و تاكڕەوی رەتكردووەتەوە، ئەمەش باوەڕی سەرۆك مام جەلال بووە و ئێمەش درێژەپێدەری ئەو سیاسەتە نیشتمانییە دەبین.

بابەتی پێشتر

میلان 4-1 مۆنزا

بابەتی دواتر

گەورەترین هەڵمەتی كوشتنی سەگی بێلانە دەستیپێكرد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share