بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، دابەشكردنی بەشە خۆراكی مانگانەی هاوڵاتییان دەكرێتە ئەلیكترۆنی و لە ڕێگای كارتێكەوە دابەشدەكرێت و جەختیشدەكاتەوە، ئەو گرفتانەی پێشتر لە شێوازی دابەشكردنی بەشە خۆراكی مانگانەی هاوڵاتییاندا هەبووە لە ڕێگای ئەو سیستمەوە چارەسەردەبێت.
نەوزاد شێخ كامیل بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێم لە لێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، لە ئێستادا بەشە خۆراكی مانگانەی هاوڵاتییان لە ڕێگەی پسووڵەی خۆراكەوە دابەشدەكرێت، بەڵام لەلایەن حكومەتی عێراقەوە بڕیاردراوە دابەشكردنی بەشە خۆراكی مانگانەی هاوڵاتییان بكرێتە ئەلیكترۆنی لە ڕێگای كارتێكەوە دابەشبكرێت.
ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، كارتێك بۆ هاوڵاتییان دروستدەكرێت كە دەبێت ئەندامانی خێزان پەنجەمۆر و سكانی چاوی لێوەردەگیرێت و ناوی دووبارە و مووچە و تەواوی زانیارییە كەسییەكانی خێزانەكە وەردەگیرێت و ئەو گرفتانەی پێشتر لە شێوازی دابەشكردنی بەشە خۆراكی مانگانەدا هەبووە چارەسەری دەكات.
ئاشكرایكرد، لەلایەن حكومەتی عێراقەوە داوامانلێكراوە لە ناوچەیەكی هەرێمی كوردستان پڕۆسەكە بە نموونە وەربگرین و لە عێراقیش پارێزگایەك بە نموونە وەرگیراوە تا وەكو ئەو گرفتانەی كە لە پڕۆسەكە دەردەكەوێت چارەسەربكرێن و لە داهاتوودا دابەشكردنی خۆراك لە ڕێگای ئەو كارتەوە و بە ئەلیكترۆنی بدرێتە هاوڵاتییان.