جوتیار عادل ڕایگەیاند، پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران پەیوەندی بە بودجەی گشتییەوە هەیە، هەر کات لە یاساکەدا جێی کرایەوە ئێمە وەک حکومەت پێوەی پابەند دەبین.
جوتیار عادل وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، “لیژنەی پەیوەندیدار بە پلەبەزکردنەوەی فەرمانبەران کاری خۆی کردووە، بەڵام ئەویش وەک هەندێک بابەتی دیکە پەیوەندی بە بودجەوە هەیە، کەی ئەوە یەکلاکرایەوە ئێمەش وەک حکومەت پابەند دەبین پێوەی”.
وتیشی، “ئەمساڵ حکومەتی عێراق دوو جار 400 ملیار دینارەکەی ناردووە، لە کاتێکدا هیچ کێشەیەک لەو رێکەوتنەدا نییە کە هەرێم کردوویەتی”.
ئاشکراشی کرد، “هیوادارین حکومەتی داهاتووی عێراق پشت بە دەستوور ببەستێت لە دابینکردنی مافەکانی هەرێم، هەر کاتێکیش پێویست بکات ئێمە ئامادەین گفتوگۆ بکەین لەو بارەیەوە”.