مووچە بۆ هەزاران كەسی هەرێم دەبڕدرێتەوە

حكومەتی هەرێمی كوردستان، مووچە بۆ نزیكەی 12 هەزار كەس دەستەبەردەكات و لیژنەیەكی وەزاری سەردانی هەموو شار و شارۆچكە و ناحیەكان دەكات بۆ ناونووسكردنی هاوڵاتییان.

مووچەكە بۆ خاوەن پێداویستیی تایبەتە و ئاریان ئەحمەد وتەبێژی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی وردەكارییەكەی بۆ ئێستا ئاشكراكرد و وتی، “لە كۆتایی ساڵی 2012ـەوە كەس ناونووس نەكراوە بۆ دەستەبەركردنی مووچە، بەڵام ئەوانەی پێشتر مووچەیان هەبووە 11 هەزار و 800 كەسیان لە لیستی مووچە لابراون، بەو پێیەی خاوەنی دوو مووچە بوون یاخود سەر وەزارەتەكانی پێشمەرگە و ناوخۆ بوون، بۆیە شوێنەكانیان پڕدەكرێنەوە و مووچە بۆ كەسانی تر دەبڕدرێتەوە”.

وتیشی، 30 هەزار كەس ناویان تۆماركردووە بۆ سوودمەندبوون لەو بڕیارە، بەڵام دوای پاكتاوكردنی ناوەكان و پشكنینی كەسەكان لەلایەن لیژنەی پزیشكییەوە، مووچە بۆ 11 هەزار و 800 كەس دەبڕدرێتەوە.

بەپێی وتەی ئاریان ئەحمەد، ئەوانەی مووچەیان بۆ دەستەبەردەكرێت پێنج توێژن و بریتین لە تووشبووانی تالاسیما، ئۆتیزم، ئیفلیجی مێشك، هیمۆفیلیا و كورتەباڵایان.

ئاشكراشیكرد، لیژنەیەكی باڵای وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی، سەردانی هەموو شار و شارۆچكە و ناحیەكان دەكات بۆ بینینی كەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت و سەرباركردنی ناوەكانیان بۆ لیستەكان و دواتر لیستی ناوەكان ڕەوانەی ئەنجومەنی وەزیران دەكرێن، بە مەبەستی پەسەندكردنیان و دابینكردنی مووچە بۆ ئەو كەسانە كە ژمارەیان 11 هەزار و 800 كەس دەبێت.

لەبارەی بڕی مووچەكەوە، وتەبێژی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی وتی، ئەگەر خاوەن پێداویستیی تایبەت هیچ مووچەیەكی دیكەی نەبێت، 150 هەزار دینار هاوكاریی بۆ دابیندەكرێت و ئەگەر فەرمانبەر بێت 100 هەزار دیناری مانگانەی پێدەدرێت.

بابەتی پێشتر

باوكێك كچەكەی خۆی كوشت

بابەتی دواتر

بافڵ جەلال تاڵەبانی: لە هەوڵەکانمان لە بەغداد بەردەوامدەبین تاوەکو پارێزگاری لە پێگەی کورد بکەین

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share