بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سلێمانی، هاوڵاتییان لەبارەی شێوازی نوێی وەرگرتنی پارەی كارەبا ئاگاداردەكاتەوە.
لە ئاگادارینامەیەكدا كە ئەمڕۆ یەكشەممە بڵاویكردەوە، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سلێمانی دەڵێت، “لە ئەمڕۆوە لە ناو شاری سلێمانی پرۆسەی وەرگرتنی پارەی کارەبا لە لایەن ژمێرکارەکانەوە ڕاستەوخۆ لە بەردەم ماڵی هاوبەشان دەستیپێکرد”.
لەبارەی بڕی ئەو پارەیەی وەردەگیرێت، كارەبای سلێمانی ئاشكرایكردووە، “تەنیا بڕی پارەی کارەبای بەکارهاتوو وەردەگیرێت بۆ ئەو ماوەیەی کە لە پسوڵەکەدا دیاریکراوە و بڕی قەرزیش کە لای هاوبەشانی کارەبا ماوەتەوە و نەدراوە (پۆلی ماڵان) لە ئێستادا ڕادەگیرێت، لێرە بەدواوە پارەی خوێندنەوە واتە (سەرفییاتی مانگانەی كرێی كارەبا) لە بەردەم ماڵاندا و لە لایەن ژمێركارانەوە وەردەگیرێت”.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سلێمانی، داوا لە هاوڵاتییان دەكات هاوكاریی پرۆسەكە بكەن و جەختدەكاتەوە كە “بە سوودی گشتی و كەسیی ئەو هاوبەشانە تەواودەبێت” و دەڵێت، هاوڵاتییان بەشێك لە ئەركەكانیان كەمدەبێتەوە و پێویستناكات بۆ پارەدان سەردانى فەرمانگە و بنكەكانى وەرگرتنى پارەى كارەبا بكەن، بەڵكو راستەوخۆ لە بەردەم ماڵاندا ئەو كارە ئەنجامدەدرێت.