مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی كاربەڕێكەری عێراق، ئیحسان عەبدولجەبار وەزیری پێشووی دارایی بە وەكالەتی لەسەر داوای خۆی لە پۆستەكەی بەخشی و دووەمیان دەڵێت، “بەڵگەی دزینی 2.5 ملیار دۆلاری لایە”.
لە پەیامێكدا كە كەمێك لەمەوبەر بڵاویكردەوە، ئیحسان عەبدولجەبار وەزیری نەوت و وەزیری پێشووی دارایی بە وەكالەت ڕایگەیاند، ئەنجامی لێكۆڵینەوەكردن لە دزرانی 3.7 تریلیۆن دیناری تەواوكردووە و دراوە بە لایەنی پەیوەندیدار.
ئیحسان عەبدولجەبار سوپاسی كازمی دەكات بۆ پەسەندكردنی داوای بەخشینی لە پۆستی بەڕێوەبردنی وەزارەتی دارایی بە وەكالەت و دەڵێت، “كۆمەڵێك كەسی دیاریكراو، بڕی 3.7 تریلیۆن دینار (2.5 ملیار دۆلار)یان لە پارەی باج/ بانكی ڕافیدەین دزیوە”.
بەپێی وتەی وەزیری پێشووی دارایی بە وەكالەت، ئەنجامی لێكۆڵینەوەكەیان داوە بە لایەنی پەیوەندیدار لەوانە لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران كە داوای لێكردبوون لێكۆڵینەوە لەو بارەیەوە بكەن.