وادەی رێوڕەسمی وەرگرتن و رادەستكردنی سەرۆكایەتیی كۆماری عێراق لە كۆشكی سەلام لە بەغداد ئاشكراكرا.
سەرچاوەیەكی سیاسیی ئاگادار رایگەیاند، رێوڕەسمی وەرگرتن و رادەستكردنی سەرۆكایەتی لەنێوان هەریەك لە بەرهەم ساڵح، سەرۆكی پێشوو و عەبدوللـەتیف رەشید سەرۆكی تازە هەڵبژێردراو سبەی یەكشەممە لە كۆشكی سەلام لە بەغداد ئەنجامدەدرێت.
لە دانیشتنی رۆژی پێنجشەممەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا عەبدوللـەتیف رەشید دەنگی زۆرینەی ئەندامانی پەرلەمانی بەدەستهێنا و وەك سەرۆك كۆماری نوێ دیاریكرا.
سەرۆك كۆماری نوێی عێراق دوێنێ لە یەكەم پەیامی نوسراودا رایگەیاند، سوپاس ئاراستەی نوێنەرانی گەلی عێراق و سەرجەم هێزە سیاسییەکان دەکەم، لەپای متمانە بەخشینیان پێم.
وتیشی، “بەڵێن دەدەم بە كاركردنی شێلگیرانە بۆ پاراستنی دەستوور و سەروەری وڵات و بەرژەوەندییەکانی خەڵک، هەروەها سەرۆک کۆماری سەرجەم عێراقییەکان بم بەبێ جیاوازی”.