جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم ستایشی رۆڵی ڕاوێژکارە ئەڵمانییەکان دەكات لە هاوکاریکردنی حکومەتی هەرێم بۆ بەرەوپێشبردنی پرۆسەی چاکسازی لە دامەزراوەکانی حکومەتدا.
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ لە هەولێر لەگەڵ مارتن یێگە باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق كۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا کە کڵاوس شتخایشە کونسوڵی گشتیی نوێی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستانیش ئامادەی بوو، قوباد تاڵەبانی پیرۆزبایی لە کونسوڵی نوێی ئەڵمانیا کرد بەبۆنەی دەستبەکاربوونییەوە و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە ئەرکەکەیدا.
جێگری سەرۆک وەزیران لەگەڵ ستایشی رۆڵی راوێژکارە ئەڵمانییەکان، داوایکرد پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەڵمانیا لە هەموو ڕوویەکەوە و بە تایبەتیش لەڕووی بازرگانییەوە بەرەوپێشچوونی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت و ئامادەیی حکومەتی هەرێمیشی دووپاتکردەوە بۆ کارئاسانیکردن بۆ کۆمپانیا و وەبەرهێنەرە ئەڵمانییەکان کە لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان بکەن.
لای خۆیەوە باڵیۆزی ئەڵمانیا رایگەیاند، وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە هاوکارییەکانیان و لە نزیکەوە کاردەکەن لەگەڵ حکومەتی هەرێم بۆ بەرەوپێشبردنی پڕۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە و رێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە.
لە بەشێکی دیكەی کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی دۆخی سیاسی عێراق کرا و هەردوولا هاوڕابوون پێویستە کورد بە یەکگرتوویی بەشداربێت لە پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراقدا بۆ ئەوەی باشتر بتوانرێت داکۆکی لە مافە دەستورییەکانی هەرێمی کوردستان بکرێت.