د. بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق، تێپەڕبوونی ساڵێك بەسەر هەڵبژاردندا بەبێ پێكهێنانی حكومەت بە لەدەستچوونی دەرفەت ناودەبات و داوای كۆتاییهێنان بە قەیرانەكان دەكات.
ئەمڕۆ دووشەممە 10ی تشرینی یەكەم، بەبۆنەی تێپەڕبوونی ساڵێك بەسەر هەڵبژاردنە پەرلەمانییە پێشوەختەكەی عێراق و پێكنەهێنانی حكومەتەوە، د. بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق پەیامێكی بڵاوكردەوە و ڕایگەیاند، “ساڵێك بەسەر هەڵبژاردندا تێپەڕدەبێت بەبێ تەواوكردنی شایستە دەستوورییەكانی”.
سەرۆك كۆمار، ئەم ڕۆژەی بە “بیرهێنانەوەیەكی ئازاربەخشی دەرفەتە لەدەستچووەكان و هاندەرێكی گرنگ بۆ یەكخستنەوەی ڕیزەكان و دەستپێكردنی گفتوگۆی نیشتمانییانەی كۆكەرەوە” ناوزەدكردووە كە وەك خۆی دەڵێت، “بنەما و كۆتاییەكەی بەرژەوەندیی وڵات و هاوڵاتییان و دەستەبەركردنی ژیانێكی ئازاد و شكۆمەندانە بێت”.
د. بەرهەم ساڵح لە كۆتایی پەیامەكەیدا ڕایگەیاندووە، “كاتی ئەوە هاتووە كۆتایی بە گێژەڵووكەی قەیرانەكان بهێنرێت و حوكمڕانییەكی تەندروست بنیادبنرێت”.