محەمەد حەلبووسی، لیژنەكانی ئاسایش و بەرگری و پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی ڕاسپارد لێکۆڵینەوە لە بۆردومانەکانی سەر هەرێمی كوردستان بکەن.
ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەمڕۆ شەممە کۆبوونەوەی سێیەمی وەرزی دووەمی یاسادانانی خوولی پێنجەمی ئەنجامدا، پرسی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان تەوەرێکی سەرەكیی دانیشتنەکە بوو.
بەپێی ڕاگەیەندراوی ئەنجومەنی نوێنەران، محەمەد حەلبووسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران هەردوو لیژنەی ئاسایش و بەرگری و پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ڕاسپاردووە لێکۆڵینەوە لە بۆردومانەکانی سەر هەرێمی كوردستان بکەن.
ڕاگەیەندراوەكە دەڵێت، “هەردوو لیژنەی ئاسایش و بەرگری و پەیوەندییەکانی دەرەوە لێكۆڵینەوەی تەواو لە بۆردومانەکانی خاکی عێراق بکەن و بۆ ئەم مەبەستەش هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی كوردستاندا بکرێت، بۆ ئەوەی ڕێکارەکانیان لەبارەی بۆردومانەکانەوە لەگەڵ ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکاندا بزانرێت و بە ڕاپۆرت پێشکەشی ئەنجومەنی نوێنەران بكرێن”.