وەزیری نەوتی عێراق باس لە بڕیارەكەی ڕێكخراوی ئۆپیك+ دەربارەی كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت و كاریگەرییەكەی لەسەر عێراق دەكات.
ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیاند، كۆبوونەوەی ئۆپیك+ هەوڵ و ئامانجەكەی هێنانەدی سەقامگیریی زیاتر و جێگیرییە لەسەر ئاستی دوورمەودا، جگە لە پاراستنی ئەو دەستكەوتانەی ئۆپیك+ پێیگەیشتووە لە سەقامگیری و هاوسەنگیی بازاڕی نەوت و پاراستنی.
بە وتەی ئەو هەنگاوەكان كاریگەریی ئەرێنی لەسەر ئابوریی وڵاتانی بەرهەمهێن و لەنێویشیاندا عێراق هەیە.
ئیحسان عەبدولجەبار لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاشكراشیكرد، بڕیارەكەی ئەمڕۆی ئۆپیك+ بە كەمكردنەوەی بەرهەمهێنان بە بڕی دوو ملیۆن بەرمیلی ڕۆژانە، بە هاوبەشیی سەرجەم وڵاتانی بەرهەمهێن بووە و لە تشرینی دووەمی 2022ەوە جێبەجێدەكرێت.
ڕوونیشیكردەوە، هەناردەی عێراق كاریگەرنابێت بەو كەمكردنەوەیە بەهۆی ئیدارەدانی بەكاربردنی ناوخۆیی بەجۆرێك گونجاو بێت لەگەڵ بڕیاری كەمكردنەوەی بەرهەمهێنان.