هەرێم كەمال ئاغا: لە هەفتەی كۆتایی یەكلاكردنەوەی پێكهێنانی حكومەتداین

ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق

سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی ڕایدەگەیەنێت، گفتوگۆی نێوان لایەنەكان بەردەوامە و ئامانجی سەرەكی بەشداریی سەرجەم هێزەكانە لە پێكهێنانی حكومەتدا و دەشڵێت، لە هەفتەی كۆتایی یەكلاكردنەوەی ئەو پرسەداین.

هەرێم كەمال ئاغا، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، گفتوگۆی نێوان هێز و لایەنەكان بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ بەردەوامە و درێژەی دەبێت.

وتیشی، “هاوپەیمانیی نوێی ئیدارەی دەوڵەت مەبەستیەتی هەموو لایەك ڕازی بكات، چونكە بنەمای سازان لەم هاوپەیمانییەتەدا جێگیركراوە”.

هەرێم كەمال ئاغا دووپاتیشیكردەوە، سەرجەم هێز و لایەنەكان ئاگاداركراونەتەوە كە لە هەفتەی كۆتایین بۆ یەكلاكردنەوەی پێكهێنانی حكومەت.

ئەوەشی وت، ئەگەر لەم ماوەیەدا ڕەوتی سەدر یەكلابوونەوە بۆ بەشداریكردن لە كابینەكەدا، هەنگاوەكان دەچێتە قۆناغێكی نوێ و باشتر، لەكاتێكدا تائێستا بە فەرمی گفتوگۆی سیاسییان دەستپێنەكردووەتەوە.

دەربارەی هەڵوێستی ڕەوتی سەدر و خوێندنەوەیان بۆ دوا پەیمانی موقتەدا سەدر، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی ڕوونیكردەوە، دوا پەیامی سەدر باش بوو، هیوادارین بەشداربن لە پرۆسەی سیاسی بۆ ئەوەی بتوانرێت حكومەتێكی كارا و خزمەتگوزار و وەڵامدەرەوەی ئەم قۆناغە هەستیارەی عێراق پێكبهێندرێت، بێگومان بەشداریی ڕەوتی سەدر سەقامگیری و سەركەوتنی گەورە بە حكومەتی داهاتوو دەدات.

سەبارەت بە بریاری كۆتایی كورد سەبارەت بە كاندیدی سەرۆك كۆمار، هەرێم كەمال ئاغا ئەوەی خستەڕوو، گفتوگۆكانی نێوان یەكێتی و پارتی بەردەوامن، بەڵام بە هەر جۆرێك لە جۆرەكان دەبێت ئەم قۆناغە نەوەستێدرێت، لەسەر هیچ لایەنێك ڕاناگیرێت، بۆیە كوردیش دەبێت لەم هەفتەیەدا لە پرسی كاندیدی سەرۆك كۆماردا خۆی یەكلابكاتەوە.

پێنج ڕۆژی دیكە ساڵێكی تەواو بەسەر هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا تێدەپەڕێت، هەڵبژاردنەكە كە وەڵامدانەوەی خۆپیشاندانی تشرین بوو بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ و چاكسازی، تائێستا نەتوانراوە بۆ هەنگاوی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار و پێكهێنانی حكومەت بگۆڕێت.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

راگەیەندراوی هاوبەشی یەکێتی و پارتی: هەوڵی جددی بدرێت بۆ ئەوەی پەرلەمانی کوردستان کارابکرێتەوە

راگەیەندراوی هاوبەشی کۆبوونەوەی وەفدی دانوستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بڵاوکرایەوە. ئەمڕۆ پێنجشەممە 14ی ئابی 2025…
زیاتر ببینە

عومەر گوڵپی: کارەبا لە رێگای غازی خۆمانەوە بەرهەمدەهێندرێت و نابێت بە نرخی بازرگانی بە هاوڵاتییان بدرێت

ئەندامێکی خولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، کارەبا لە رێگای غازی خۆمان (هەرێمی کوردستان)ەوە بەرهەمدەهێندرێت، هەربۆیە نابێت بە نرخی…
Total
0
Share