بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، ئەو تۆمەتبارانەمان دەستگیركرد كە نارنجۆكیان هەڵدابووە ماڵێكەوە لە قەزای چەمچەماڵ.
بەپێی ڕاگەیەندراوێكی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی كە وێنەیەكی دەست تۆڕی میدیایی ئێستا كەوتووە و تێیدا هاتووە، شەوی 22 لەسەر 23ی مانگی ڕابردوو لە گەڕەكی ئاشتی قەزای چەمچەماڵ دوو تۆمەتبار چوونەتە سەرماڵی هاوڵاتییەك كە مامۆستا بووە و نارنجۆكێكیان هەڵداوەتەوە ماڵەكەیەوە و تەقەیان لە ماڵەكەشی كردووە.
لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە، دوای ڕووداوەكە تۆمەتبارەكان هەڵاتوون و دواتر لە نزیك شوێنی ڕووداوەكە لەلایەن كەسانی نەناسراوەوە تەقەیان لێكراوە و هەردوو تۆمەتبارەكە برینداركراون و یەكێك لە تۆمەتبارە بریندارەكانیش گیانیلەدەستداوە و ئەوەی دیكەشیان هەڵاتووە.
هەر لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە، دوای ئاگاداركردنەوەی هێزەكانمان لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی تیمە تایبەتەكانمان ڕاسپێردران بۆ كۆكردنەوەی زانیاریی ورد و دەستنیشانكردن و دۆزینەوەی تۆمەتباران.