پێكنەهێنانی حكومەتی نوێ عێراق ڕووبەڕووی قەیرانی ئابوری دەكاتەوە

بەهۆی پێكنەهێنانی حكومەتی نوێی عێراقەوە، گرفتی دارایی سەریهەڵداوە و ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمان دەڵێت، ئەگەر دۆخەكە بەم شێوەیە بەردەوامببێت، قەیرانی ئابوری و كۆمەڵایەتی بەرۆكی وڵات دەگرن و لێكەوتەی نەرێنییان دەبێت.

ئەمساڵ بەهۆی پێكنەهێنانی حكومەتی نوێ لە عێراق و بەڕێوەبردنی كاروبارەكان لە لایەن حكومەتی كاربەڕێكەرەوە، وڵات بەبێ یاسای بودجە دۆسیەكانی دارایی و ئابوریی بەڕێوەبردووە، بەردەوامبوونی دۆخەكەش بەم شێوەیەی ئێستا، لە ساڵی داهاتوودا عێراق ڕووبەڕووی بەرزبوونەوەی ڕێژەی بیكاری و پاشەكشێی زیاتری خزمەتگوزاریی گشتی دەكاتەوە.

بەپێی ئاماری نافەرمی و داتاكانی وەزارەتی پلاندانان، ژمارەی دانیشتووانی عێراق بۆ سەرووی 41 ملیۆن كەس زیادیكردووە. د. نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەران لەبارەی ئەو قەیرانە ئابوری و دەرهاویشتە كۆمەڵایەتییانەوە كە پێكنەهێنانی حكومەت لە عێراق دەبێتە هۆكاری سەرهەڵدانیان بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا دوا و ڕایگەیاند، بە زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان، ڕێژەی بێكاری زیاد دەكات، چونكە حكومەتی كاربەڕێكەر دەسەڵاتی دامەزراندنی فەرمانبەری نوێی نییە و نەبوونی یاسای بودجەش ڕێگردەبێت لە كردنەوەی دەرگای دامەزراندن.

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەران ئاشكرایكرد، بە زۆربوونی ژمارەی دانیشتووان و نەبوونی حكومەتێك كە دەسەڵاتی تەواوی هەبێت و یاسای بودجەی گشتی نەبێت، كێشەی ئاو، كارەبا، تەندروستی و خزمەتگوزارییەكانی دیكە سەرهەڵدەدەن و لە ساڵی داهاتوودا حكومەت ناتوانێت هاوشێوەی ساڵی 2022 بەپێی یاسای بودجەی ساڵی 2021 درێژە بە سیاسەتی دارایی و ئابوری بدات.

وەك د. نەرمین بۆ ئێستا ڕوونیكردەوە، لە كاتی نەبوونی یاسای بودجەدا، حكومەت دەتوانێت تەنها بە ڕێژەی یەك لەسەر 12ی بودجەی ساڵی پێشوو یاخود پێشووتر كە بودجەی بەگەڕخستنە، درێژە بە دابەشكردنی مووچە و دەستەبەركردنی خزمەتگوزارییە گشتییەكان بدات، ئەوەش ڕێژەیەكی كەمە لە بودجە و حكومەت لە پارەداركردنی كەرتە جۆراوجۆرەكانی حوكمڕانیدا دەستكراوە نابێت.

بابەتی پێشتر

بەغداد بڕە پارەیەك بۆ هەرێمی كوردستان دەنێرێت

بابەتی دواتر

مانچستەر یونایتد لەگەڵ تین هاگ-یشدا ڕاست نەبووە !

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share