مستەفا کازمی لە ڕێوڕەسمی ساڵڕۆژی کۆچی دوایی مام جەلال ڕایگەیاند، عێراق لەم دۆخەی ئێستادا پێویستی بە سەرۆک مام جەلال و ئەو زمانی ئاشتەواییەیەتی کە لە دانوستانەکاندا بەکاریدەهێنا.
مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە ڕێوڕەسمی ساڵڕۆژی کۆچی دوایی سەرۆک مام جەلال ڕایگەیاند، “مام جەلال لەپێناو ئازادی و دیموکراسی جەنگا، ئەمڕۆ لەکاتێکدا یادی دەکەینەوە کە عێراق زۆر پێویستی پێیەتی، ئێمە لەئێستادا کە لە قەیرانێکی سیاسیداین، زمانی ئاژاوە باڵاترە، بەراورد بە زمانی ئاشتەوایی، بۆیە هەمووان پێویستمان بە زمانی دیپلۆماسیانەی مام جەلالە”.
وتیشی، “مام جەلال گرنگی بە شکۆ وماف و دادگەری دەدا، لەپێناو مرۆڤ و نیشتیمان و دادپەروەری کاریدەکرد، پێویستە ئێمەش پارێزگاری لێبکەین لەپێناو ئایندەی عێراق”.
باسی لەوەشکرد، “لە ئەمڕۆدا و لەم چەقبەستووییە سیاسییەی دروستبووە و نەبوونی مام جەلال کاریگەری زۆری هەبووە، چونکە ئەو کاریدەکرد بۆ کۆکردنەوەی لایەنەکان لەسەر مێزی گفتوگۆ و گەڕاندنەوەی متمانەی نێوانیان”.
ئاشکراشیکرد، “پێویستمان بە ئارامگرتن و دانبەخۆداگرتنە، جەخت لەسەر دیالۆگ و کۆبوونەوە لەسەر مێزی گفتوگۆ دەکەینەوە بۆ چارەسەری ناکۆکییەکان لەپێناو بونیادنانەوەی عێراق و بەرژەوەندی عێراق، ئەمە ئامانجە و پێویستە هەمووان کاری لەسەر بکەین”.
ئاماژەی بەوەشکرد، “ئێستا ئاستێکی بەرزی برایەتی لەنێوان هەرێم و بەغدا هەیە، لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا لەگەڵ هەموو ئالنگارییەکان لەگەڵ مەسرور بارزانی کارمان کردووە بۆ تێپەڕاندنیان، ئەو بارگرژیانەی لە پەیوەندییەکاندا هەبووە گەیشتووەتە ئاستێکی زۆر باش ئەمەش لەخۆوە دروستنەبووە، بەڵکو لەسەر بنەمای نیازپاکی نێوانمان بووە”.
وتیشی، “هەندێک لە ئالنگارییەکانی نێوان هەرێم و بەغداد بە مەبەست دروستکراون بۆ ئەوەی برایەتی نێوانمان لەناوببرێت، بەڵام ئێمە سەرکەوتوو بوین لە تێپەڕاندنیان”.