چارەنووسیان چی دەبێت؟
لە سلێمانی دەیان هەزار خانووی بێتاپۆ تۆماركراون

پشتبەست بە بڕیاری ژمارە 3ی ساڵی 2019ی هەمواركراوی 7ی ساڵی 2021ی پەرلەمانی كوردستان و بڕیارەكەی حكومەتی هەرێم بۆ تاپۆكردنی خانووی زیادەڕۆ، تەنها لە سلێمانی نزیكەی 30 هەزار خانوو مامەڵەی تاپۆكردنیان بۆ كراوە، سەرۆكی لیژنەی یاسایی پەیوەست بەو دۆسیەیەش، نوێترین زانیارییەكان بۆ ئێستا ئاشكرادەكات.

پشتیوان محەمەد بەڕێوەبەری كاروباری یاسایی لە پارێزگای سلێمانی بۆ ئێستا دوا و ڕایگەیاند، لیژنەی بەناوكردنی خانووە زیادەڕۆكان كۆتایی بە وەرگرتنی داواكاریی هاوڵاتییان هێناوە و پرۆسەی جیاكردنەوە و وردبینیكردن لە مامەڵە پێشكەشكراوەكان دەستیپێكردووە.

ئاشكرایكرد، “ئەو داواکارییانەی کە پێشکەش بە پارێزگا کراون لە ڕۆژی دەرچوونی یاساکەوە دوای هەموارکردنەوەی و پاش ئەم هەڵمەتە چڕوپڕەی مانگی ڕابردوو، ژمارەیان بریتییە لە 29 هەزار و 347 داواکاری، 27 هەزار و 457 داواکارییان تەنها لە ماوەی نێوان 9ی ئاب تا 9ی ئەیلول كە كۆتا ڕۆژی وەرگرتنی مامەڵەكان بوو پێشکەشکراون”.

بەڕێوەبەری كاروباری یاسایی لە پارێزگای سلێمانی وتیشی، “ئێمە لە دوای تەواوبوونی وادەی یاسایی پێشکەشکردنی داواکاری، سەرقاڵی جیاکردنەوەی داواکارییەکانین بەپێی سنووری جوگرافیی شارەوانییەکانی سنووری ئیداریی قەزای مەڵبەندی سلێمانی”.

كارێكی دیكەی لیژنەكە وەك پشتیوان محەمەد بۆ ئێستا ئاشكرایكرد، بریتییە لە تۆماركردنی زانیارییەكان لە کۆمپیوتەر و پاشان بە نووسراو لە پارێزگاوە ئاراستەی سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی دەکەن، دواتر سەرۆکایەتیی شارەوانی و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکان لە ڕێگەی لیژنەکانیانەوە بەپێی یاساکە ئەرکەکانیان جێبەجێدەکەن.

بەڕێوەبەری كاروباری یاسایی لە پارێزگای سلێمانی ڕاشیگەیاند، ئەو مامەڵانەی وەرگیراون تەنها لە سنووری ئیداریی قەزای مەڵبەندی سلێمانین، كە هەر پێنج بەڕێوەبەرایەتییەکەی سەر بە سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی ( بەڕێوەبەرایەتییەکانی ڕۆژهەڵات، ڕۆژئاوا، بەکرەجۆ، ڕاپەڕین، تاسڵوجە) دەگرێتەوە، لەگەڵ هەردوو سەرۆکایەتیی شارەوانیی عەربەت و تووەسپی كە سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی سلێمانین.

بەپێی زانیارییەكانی تۆڕی میدیایی ئێستا، دوای جیاكردنەوەی مامەڵەكان و تەواوكردنی ڕێكارە یاسایی و كارگێڕییەكان، خانووە بێتاپۆكان بەپێی بڕیار و ڕێنماییەكان لەسەر خاوەنەكانیان تاپۆدەكرێن.

بابەتی پێشتر

22 كۆچبەر دەستگیركران بە نایاسایی هاتوونەتە عێراق

بابەتی دواتر

دوای چەند كاتژمێرێك یادی تشرینە<br>لە بەغداد ئامادەكاری بۆ چی دەكرێت؟

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share