خۆپیشاندان لە شاری سلێمانی بۆ ماوەی دوو ڕۆژی لەسەر یەكە بەردەوامە، ژمارەیەك لە هاوڵاتییان لە ناوەندی سلێمانی بەردەوامن لە خۆپیشاندان و هێزە ئەمنییەكانیش ڕوبەڕوویان دەبنەوە.
تیمەكانی تۆڕی میدیایی ئێستا لەنێو خۆپیشاندەرانەوە بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ ڕووماڵی خۆپیشاندانەكانیان دەكرد.
پەیامنێرانی تۆڕی میدیایی ئێستا ڕایانگەیاند، هێزە ئەمنییەكان بە گازی فرمێسكڕێژ و گولەی لاستیكی و ئاو بڵاوەیان بە خۆپیشاندەران كردووە، ژمارەیەك خۆپیشاندەریش برینداربوون.
خۆپیشاندەرێك باسی لەوە كرد، هێزە ئەمنییەكان لێیان داوە و ئازاریان پێگەیاندووە، شوێنی لێدان بە دەموچاوییەوە دیارە.
خۆپیشاندەرێكی گەنج بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، باوكی مامۆستایە و بەهۆی نەخۆشییەوە نەیتوانیوە بەشداری خۆپیشاندانەكان بكات و ئەو لەبری باوكی بەشداری كردووە و داوای مافی باوكی دەكات.
بەگوێرەی زانیارییەكان، ژمارەیەك چالاكوان و خۆپیشاندەر لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەستگیركراون.
لیژنەی باڵای ئارامیی سلێمانی: گردبوونەوەی بێ مۆڵەت ڕێگەپێدراو نییە
لیژنەی باڵای ئارامیی سلێمانی ڕایگەیاندووە، هەر کۆبوونەوە و گردبوونەوەیەک بەبێ ڕەزامەندیی پێشوەختەی لیژنەی باڵای ئارامیی ڕێگەپێدراو نییە.
لە ڕاگەیەندراوێكدا ئەمڕۆ پێنجشەممە 3ی كانونی یەكەم لیژنەی باڵای ئارامیی سلێمانی بە سەرۆكایەتیی هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی ڕایگەیاندووە، “هەر کۆبوونەوە و گردبوونەوەیەک بەبێ ڕەزامەندیی پێشوەختەی لیژنەی باڵای ئارامی ڕێگەپێدراو نییە، شێواندنی ئارامی شار و ڕاگرتنی جوڵەی بازاڕ لەم قەیرانە ئابورییە قوڵەدا لە بەرژەوەندیی توێژەكانی كۆمەڵگادا نییە”.
لیژنەكەی سلێمانی ئەوەشی خستوەتەڕوو، “خۆپیشاندانی مەدەنییانە و ئاشتییانە بۆ دەربڕینی ناڕەزایی و داواکارییە ڕەواکان لە چواچێوەی یاسادا؛ يەکێکە لە مافە ڕەواکانی خەڵک و پارێزگاریی لێدەکەین”.
لە بەشێكی دیكەی ڕاگەیەدراوەكەدا هاتووە، “پێویستە كەناڵەكانی ڕاگەیاندن لە چوارچێوەی یاسا ڕێگاپێدراوەكاندا ڕووماڵی ڕوداوەكان بكەن و ئیتیكی ڕۆژنامەوانی لەبەرچاو بگرن، هەروەها پێویستە هەموو هێزەکان ئارامی و ئاسایش بپارێزن و خۆیان لە هەر ڕوبەڕوبوونەوە و توندوتیژییەک بەدووربگرن”.
ئەو ڕاگەیەندراوە پاش ئەوە دێت، ماوەی دوو ڕۆژە بۆ داواكردنی موچە بەشێكی چین و توێژەكانی سلێمانی لەناوەندی شارەكە خۆپیشاندان ئەنجامدەدەن.