گەشتوگوزاری سلێمانی: ئەمساڵ کەرتی گەشتیاریی شارەکە زۆر گەشەی کردووە

بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری سلێمانی ڕایگەیاند، لەمساڵدا ژمارەیەکی زۆر گەشتیار هاتوونەتە سلێمانی بەراورد بە ساڵی پار ئەو کەرتە لە شاری سلێمانی زۆر گەشەی کردووە و زۆرینەی گەشتیارەکانیش لە باشوورەوە هاتوون.

لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا عەلی ڕەئوف بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری سلێمانی ڕایگەیاند، کەرتی گەشتیاری سەرچاوەیەکی گرنگی داهاتە دەتوانرێت وەک یەکێک لە سەرچاوە سەرەکییەکان پشتی پێببەسترێت ئەگەر پەرەی پێبدرێت.

وتیشی، ئەمساڵ تا ئێستا بە نزیکەیی یەک ملیۆن و 800 هەزار گەشتیار هاتوونەتە سلێمانی، ئەو ژمارەیەش زۆرینەیان لە باشوور و ناوەڕاستی عێراقەوە هاتوون لەگەڵ ئەوەشدا بەشێکی گەشتیاری ئێرانی و وڵاتانی دیکەی تێدابووە.

بەپێی بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری سلێمانی، 85%ی ئەو گەشتیارانەی هاتوونەتە شارەکە لە ناوەڕاست و باشوورەوە هاتوون، جەختیکردەوە، کەرتی گەشتیاریی سلێمانی لەمساڵدا زۆر گەشەی کردووە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو، هۆکارەکەشی کرانەوە و نەمانی مەترسیی کۆرۆنا و ئەمنیەت و سەلامەتییە لە پارێزگامەدا.

سەبارەت بە توانای شاری سلێمانی لە گرتنەخۆی گەشتیار وتی، سلێمانی توانای ژمارەیەکی زۆر زیاتر گەشتیاری هەیە لەڕووی هۆتێل و چێشتخانە و شوێنە گەشتیارییەکان و مانەوەیان، کە دەتوانێت لە یەک کاتدا 25 هەزار گەشتیار لەخۆبگرێت.

باسی لەوەشکرد، گەشتوگوزاری سلێمانی پڕۆژەیەکی نوێی بەرفراوانیان هەیە بۆ زیاتر پەرەپێدانی کەرتەکە.

بەپێی ئامارێکی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان کە لە 14ی ئەم مانگەدا بڵاویکردووەتەوە، لە 1ی کانونی دووەمی 2022ـەوە تا 1ی ئابی ئەمساڵ زیاتر لە سێ ملیۆن و 700 هەزار گەشتیار هاتوونەتە هەرێمی کوردستان و ئەو گەشتیارانەش 85%یان لە باشوور و ناوەڕاستەوە هاتوون و 15%یان لە دەرەوەی هەرێمی کوردستانەوە.

بابەتی پێشتر

مووچەی مامۆستایانی وانەبێژ دابەشدەكرێت

بابەتی دواتر

هاتوچۆی کۆیە: لە ڕووداوێکی هاتوچۆدا کەسێک گیانیلەدەستدا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share