فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە 3ی کانونی یەکەم، ڕایگەیاند کە سەرجەم هێزە چەکدارەکانی شەنگال لە قەزاکە چوونەتە دەرەوە بەپێی ئەو ڕێککەوتنەی لەنێوان هەرێم و بەغداد کراوە.
تەحسین خەفاجی، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقیی ڕاگەیاندووە، “ئەو ڕێککەوتنەی لە نێوان هەرێم و حکومەتی فیدراڵدا کراوە تێیدا هاتووە، هێزە فیدراڵییەکان هەڵدەستن بە پاراستنی ئاسایش و خاکی شەنگال”.
ئاماژەی بەوەشکردووە، “پۆلیسی ناوخۆیی لە شارەکەدا بڵاودەکرێنەوە، پۆلیسی فیدراڵی و پاسەوانانی سنور لەدەرەوەی قەزاکە دەبن بۆ پاراستنی سنوری عێراق و سوریا، جەختیشیکردەوە سەرجەم هێزە چەکدارە نافەرمییەکان قەزاکەیان چۆڵکردووە”.
دەشڵێت، “هەماهەنگییەکی هاوبەش هەیە لە نیوان فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکان و هێزەکانی پێشمەرگە بۆ بەرقەرارکردنی ئاسایش لەو ناوچەیە”.
باسیلەوەشکرد، هەوڵێکی گەورە هەیە لەلایەن حکومەت و ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ پەکەکە بۆ باشکردنی دۆخی ناوچەکە و لەبەرچاوگرتنی تەواوکردنی ڕێککەوتنی نێوان هەردوولا، بۆیە ئیدارەی پارێزگای نەینەوا هەڵدەستێت بە سەرپەرشتیکردنی دۆسیەی ئەمنی شەنگال و ناوچەکانی دیکە.