ئەمریکا بە هۆکاری ئەمنی ژمارەی دیپلۆماتەکانی لە عێراق کەمدەکاتەوە

بەرپرسانی عێراقی باس لەوەدەکەن کە ئەمریکا ژمارەی دیپلۆماتەکانی لە باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە عێراق کەمدەکاتەوە و هۆکارەکەشی لەبەر ڕێکارە ئەمنییە کاتییەکانی ئەمریکایە بۆ پاراستنی هاوڵاتییەکانی.

میدیا عێراقییەکان لە زاری بەرپرسانی ئەمنیی عێراقەوە بڵاویانکردەوە، “ئەمریکا بڕیاری کەمکردنەوەی ژمارەی دیپلۆماتەکانی لەبەر مەترسییە ئەمنییەکان داوە”.

ئاماژە بەوەشکراوە کە کەمکردنەوەی ژمارەی دیپلۆماتەکانی ئەمریکا لە عێراق کەمکردنەوەیەکی ڕوکاریی و کاتییە لەچوارچێوەی خۆپارێزییە ئەمنییەکانی ئەو وڵاتەیە لە نێردە و هاوڵاتییەکانی، ئەگەریشی هەیە جارێکی دیکە بیانگەڕێنێتەوە.

بەرپرسانی عێراقی دەڵێن، “لەگەڵ کەمکردنەوەی ژمارەی دیپلۆماتەکانی لە عێراق، ژمارەیەک دیپلۆماتی باڵای دیکەی ئەمریکی دەمێننەوە لەوانەش باڵیۆزی ئەمریکا، بۆیە ئەم کەمکردنەوەیە بە مانای پچڕانی پەیوەندییە دیپلۆماتییەکان نایەت”.

میدیا عێراقییەکان لە زاری بەرپرسانی عێراقییەوە ڕایانگەیاند، “کەمکردنەوەی ژمارەی دیپلۆمەتەکان بە ئامانجی کەمکردنەوەی مەترسییەکانە”.

لەگەڵئەوەشدا، هیچ بەرپرسێکی عێراقی و ئەمریکی باسیان لە ژمارەی ئەو دیپلۆماتانە نەکردووە کە بڕیارە ئەمریکا بیانکشێنێتەوە لە بەغداد، لەکاتێکدا سەدان دیپلۆماتکار لە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغداد کاردەکەن.

لەلایەکی دیکەوە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ڕەتیکردەوە هیچ زانیارییەک لەوبارەیەوە ئاشکرا بکات بەڵام جەختیکردەوە لەوەی پاراستنی گیانی دیپلۆمات و هاوڵاتییە ئەمریکییەکان  لە عێراق لە  هەرە پێشینەی ئامانجەکانیانە.

بابەتی پێشتر

سەرۆكی 'مێژوویی' فەڕەنسا كۆچی دواییكرد

بابەتی دواتر

یارییەکانی ئەمڕۆ، پێنجشەممەی یوروپالیگ بەکاتی هەرێمی کوردستان

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share