حكومەتی هەرێم بڕیارێكی نوێی لەبارەی ڕەخساندنی هەلی كارەوە دەركرد

حكومەتی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، خاوەنكارانی كوردستان دەبێت پابەندبن بە بڕیاری ئەوەی لایەنی كەم ڕێژەی 70 % دەستی كاریان، خەڵكی هەرێمی كوردستان بن، بە پێچەوانەوە ڕێكاری یاساییان بەرامبەر دەگیرێتەبەر.

بەپێی ڕاگەیەندراوێكی حكومەتی هەرێم كە وێنەیەكی دەست تۆڕی میدیایی ئێستا كەوتووە و تێیدا هاتووە، ئەمڕۆ سێشەممە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامداوە و بڕگەی یەكەمی كۆبوونەوەكە، بریتی بووە لە گفتوگۆكردن دەربارەی بە دواداچوونی ئەنجومەنی وەزیران بۆ بابەتی ڕێكخستنی دەستی كار و ڕەخساندنی دەرفەتەكانی كار لە كەرتی تایبەت بۆ هاوڵاتییانی هەرێمی كوردستان لە سەر بنەمای دابەشكردنی دادپەروەرانە و گرنگیدان بە دەستی كاری خۆماڵی، لە ڕێگەی تەرخانكردنی ڕێژەیەكی دیاریكراو لە دەرفەتەكانی كار بۆ دەستی كاری خۆماڵی.

لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە، جەختكرایەوە كە پێویستە هەموو ئاسانكارییەك و هەماهەنگییەك بكرێت بۆ یارمەتیدانی گەنجانی هەرێمی كوردستان بۆ دۆزینەوەی هەلی كار بە تایبەتی لە كەرتی تایبەت، هەروەك لە بەرنامەی كاری كابینەی نۆیەمدا جێگیركراوە، لەم ڕووەوە حكومەت هانی خاوەنكارانی كوردستان دەدات كە گەنجانی كوردستان لە پێشینەی وەرگرتنی دەستی كاری كۆمپانیاكان بن و پابەندبن بە بڕیاری حكومەت سەبارەت بەوەی كە دەبێ بە لایەنی كەم ڕێژەی70 % دەستی كاریان، خەڵكی هەرێمی كوردستان بن، بە پێچەوانەوە، ڕێكاری یاساییان بەرامبەر دەگیرێتەبەر.

ئاماژە بۆ ئەوەش كراوە، لە كۆبوونەوەكەدا داواكرا پەرلەمانی كوردستان پەلە بكات لە پەسەندكردنی پڕۆژەیاسای نوێی كار، كە ستراتیژێكی نوێی داڕشتووە بۆ پەیوەندی نێوان كرێكار و خاوەنكار و پەلە بكرێت لە گەڵاڵەكردنی پڕۆژەیاسای خانەنشینی و بیمەی كۆمەڵایەتی كە قۆناغی باشی بڕیوە و بە جێبەجێكردنی ئەم دوو یاسایە.

لە بڕگەی دووەمی كۆبوونەوەكەدا وەك هەنگاوێك بۆ جێبەجێكردنی یاسای ئەرك و مافەكانی نەخۆش ژمارە 4 ساڵی 2020 ڕەشنووسی پەیڕەوی تایبەت بە ( پێكهاتە و ئەركەكانی لیژنەكانی لێكۆڵینەوەی پیشەیی لە وەزارەتی تەندروستی ) لە لایەن سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستییەوە خرایەڕوو كە تایبەتە بە دانانی ڕێسا و ڕێكاری نوێ بۆ لێكۆڵینەوە لە هەڵەی پزیشكی (لە نەخۆشخانە گشتیەكان بێت یان نەخۆشخانە تایبەتەكان) لە دەرەنجامی كەمتەرخەمیی پیشەییان یان نەبوونی شارەزایی یان پشتگوێخستنی نەخۆش، بە جۆرێك كە ناگونجێن لە گەڵ ڕێساكانی پیادەكردنی پیشەی پزیشكی و چارەسەركردن و لە ئەنجامدا، بووەتە هۆی زیان گەیاندن بە نەخۆش یان كەمئەندامبوون یان گیان لەدەستدانیان.

هەر لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە، ئەنجومەنی وەزیران دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە و جەختكردنەوە لە پاراستنی مافی نەخۆش و دڵنیابوون لە پیادەكردنی بنەما كارپێكراوەكانی پیشەی پزیشكیی و چارەسەركردن و لە ڕوانگەی كاراكردنی ڕۆڵی حكومەت و دامەزراوە تەندروستییەكان، لە چاودێریی و گەشەپێدانی گیانی بەرپرسیارێتی، لە دوای خستنەڕووی چەندین تێبینی و پێشنیار، پەیڕەوەكەی پەسەندكرد.

بڕگەیەكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا تایبەت بوو بە ڕەشنووسی ( یاسای دەزگای خۆراك و دەرمان لە هەرێمی كوردستان) كە ئەمڕۆ گفتوگۆی لەبارەوە كراوە كە بەشێكی گرنگە لە پڕۆسەی چاكسازیكردن لە بواری تەندروستی و دەرمان و خۆراك و گەڵاڵەكردنی ڕەشنووسی یاساكە و پێكهاتەكانی دەزگاكە، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا لە كۆبوونەوەی داهاتوو، بە وردی و زیاتر گفتوگۆ لەبارەی ڕەشنووسەكە بكات بە مەبەستی پەسەندكردنی.

بابەتی پێشتر

هەڤاڵ ئەبوبەكر لەسەر تاپۆكردنی خانوویەكی میری ڕوونكردنەوە دەدات

بابەتی دواتر

بە ڤیدیۆ.. دەزگای دژەتیرۆر دەستگیركردنی دوو بازرگانی ماددەی هۆشبەر ڕادەگەیەنێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share