حكومەتی ئوردن، ڤیزای گەشتكردنی بۆ وڵاتەكەی لەسەر چەند توێژێكی عێراقی لابرد، لەوانە ژنان.
بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی ناوخۆی ئوردن، ڤیزا و وەرگرتنی مۆڵەتی پێشوەختەی گەشتكردن بۆ پیاوانی تەمەن سەروو 50 ساڵ و منداڵانی خوار تەمەن 15 ساڵی عێراقی لابراوە و بەبێ وەرگرتنی ڤیزا دەتوانن سەردانی ئەو وڵاتە بكەن.
وەك لە ڕاگەیەندراوەكەدا ئاشكراكراوە، ژنانی عێراقی بە هەموو تەمەنەكانیانەوە دەتوانن بەبێ ڤیزا گەشت بۆ ئوردن بكەن و ئەو هاوڵاتییە عێراقییانەی لە دەرەوەی وڵات دەژین و مافی پەنابەرێتییان هەیە، دەتوانن ڕاستەوخۆ گەشت بۆ ئوردن بكەن و لە فڕۆكەخانە ڤیزا وەربگرن و پێویستییان بە ئامادەكاریی پێشوەختە نییە.
ڕاگەیەندراوەكە دەڵێت، ئەو عێراقییانەی ڤیزای شنگن و ئەمریكایان هەیە، بەبێ وەرگرتنی مۆڵەتی پێشوەختە، بە گەیشتنیان بە فڕۆكەخانەكانی ئوردن ڤیزایان پێدەدرێت.
حكومەتی ئوردن ڤیزای لەسەر نەخۆشەكان لابردووە بە جۆرێك ئەو كەسانەی پێشتر بۆ وەرگرتنی چارەسەر لە عێراقەوە سەردانی وڵاتەكەیان كردووە و پێویستییان بە دووبارە سەردانە، ئەوانەشی دۆخی تەندروستیی كتوپڕیان هەیە، بەبێ وەرگرتنی ڤیزا دەتوانن بچنە ئوردن.
ڕاگەیەندراوەكەی وەزارەتی ناوخۆی ئوردن جەختدەكاتەوە، شاندە فەرمییەكانی عێراق بەبێ وەرگرتنی ڕەزامەندیی پێشوەختە و تەنها بە بوونی بەڵگەنامەی فەرمی، دەتوانن سەردانی ئوردن بكەن.