سەرۆک وەزیرانی عێراق لە پەیامێکدا داوای لە لایەنە سیاسییەکان دەكات هاوڵاتییان لەو قەیرانە سیاسییە ڕزگاربکەن کە ماوەیەکە پێیدا تێدەپەڕن.
مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ شەممە لە پەیامێکدا ڕایگەیاند، عێراق لەئێستادا بە قەیرانێکدا تێدەپەڕێت، کە یەکێکە لە قورسترین قەیرانەکان لەدوای ساڵی 2003وە، بەڵام هیوامان هەیە بگەینە چارەسەرێک بۆ کۆتاییهێنان بەو قەیرانە بەرەو گەیاندنی عێراق بە وڵاتێکی ئارام و جێگیر.
کازمی لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا بەبۆنەی ڕێوڕەسمی زیارەتی چلە داواشی لە لایەنە سیاسییەکان کرد، “یادی چلەی ئیمام حوسێن بکەنە دەرفەتێک بۆ لەبەرچاوگرتنی عێراق و هاوڵاتییەکانی، ئەوان شایەنی ئەوەن قوربانیان لەپێناو بدرێت، عێراق ئەمانەتە لە ئەستۆی هەمووماندایە”.
سەبارەت بە ڕێوڕەسمەكەش سەرۆك وەزیران ئاماژەی بەوەكرد، ئەمساڵ لە دۆخێکی ناهەمواردا پێشوازییان لە ملیۆنان زیارەتکار کرد، بەڵام “توانیمان لە ئاست بەرپرسیارێتیدا بین، ئەوەی لە تواناماندا بێت ئەنجامیبدەین”.