لیژنەی کشتوکاڵ: بەهۆی مریشکی هاوردەوە گەورەترین وەبەرهێنەرەکانی پەلەوەر پڕۆژەکانیان دادەخەن

لیژنەی کشتوکاڵی پەرلەمانی کوردستان داوای لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە، پێداچوونەوە بە هاوردەی مریشک بکەنەوە و ڕێگە نەدەن بە قاچاغ و بەبێ باج بهێنرێت، بە وتەی سەرۆکی لیژنەکە، گەورەترین ئەو سێکتەرە لە وێران بوون نزیکە.

لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا، عەبدولستار مەجید سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵی پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، خاوەنی کێڵگە پەلەوەرییەکانی هەرێمی کوردستان لە زیانێکی گەورەدان، ئەوەش بەهۆی هاوردەکردنی مریشکی دەرەوە بە بڕی زۆر و نرخی هەرزان.

وتیشی، حکومەت دەڵێت، هاوردەکردنمان قەدەغەکردووە، بەڵام بە ڕێگای دەروازەکان و هاوشێوەی کاڵاکانی دیکە بە ڕێگەپێدانی تایبەت مریشکی بەستوو هاوردە دەکرێت، لە کاتێکدا هیچ باجێکیان لێوەرناگیرێت ئەوەش نرخی مریشک و بەرهەمی ناوخۆ بەتەواوی دەشکێنێت و زیان بە خاوەن کێڵگەکان دەگەیەنێت.

سەبارەت بە زیانەکانی هاوردەکردنی مریشک ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، ئەو مریشکە هاوردەکراوانە بەهۆی ئەوەی باجیان لەسەر نییە، بە نرخێکی کەم دەفرۆشرێن و زیانێکی گەورەیان لە بەرهەمی ناوخۆ داوە، وتی، “لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە سێ هەزار کێڵگەی پەلەوەریمان هەیە کە زۆرینەیان بەهۆی زیانی زۆرەوە نزیکن لەوەی دایبخەن، گەورەترین وەبەرهێنەری ئەو کەرتە ئێستا بەهۆی زیانی زۆرەوە گەیشتووەتە ئەو بڕیارەی پڕۆژەکەی دابخات”.

سەرۆکی لیژنەیه کشتوکاڵی پەرلەمان باسی لەوەکرد، داواکارییان داوەتە سەرۆکایەتیی پەرلەمان تاوەکو داوا لە حکومەت بکات مریشکی هاوردە ڕێگەی پێبدرێت بە فەرمی بهێنرێت بەڵام باجی بخرێتەسەر، نەک وەک ئێستا کە دەهێنرێت بە ڕێگەپێدانی تایبەت و باجیشی لەسەر نییە”.

لەلایەکی دیکەوە حسێن حەمە کەریم وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، “ئێمە لە وەزارەتی کشتوکاڵ هاوردەکردنی مریشکمان بە هەموو شێوەیەک قەدەغەکردووە، هیچ نووسراوێکیشمان نییە بۆ ڕێگەپێدانی، لایەنی جێبەجێکار بەرپرسیارە لەوە”.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، هەریەکە لە وەزارەتەکانی ناوخۆ و بازرگانی کە لایەنی جێبەجێکارن بەرپرسیارن لە هاوردەکردنی مریشک، دەبێت ڕێگری لێبکەن.

جەختیکردەوە، کە بۆ چارسەرکردنی زیانە خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکان ناردنی مریشک بۆ ناوەڕاست و خوارووی عێراق بەردەوامە و لەگەڵ عێراق ڕێککەوتنیان هەیە لەوبارەیەوە، بەڵام ئەوانیش خاوەن پڕۆژەی زۆرن و پێداویستییەکانیان لەو ئاستەدا نییە کە بەرهەمی هەرێمی کوردستان بەو بڕە زۆرە بڕوات.

لە بارەی نرخی مریشکەوە عەبدولستار مەجید وتی، ئەگەر هاوردەکردن بەوجۆرە بەردەوام بێت، خاوەن پڕۆژەکانی ئێرە ناچاردەبن دایخەن و ئەو کەرتە شکست دەهێنێت، ئەوەش لە سوودی کۆمپانیاکانی بەرپرسانە، ئەوکاتە بە مریشکی هاوردە نرخی یەک کیلۆ مریش بۆ سەروو پێنج هەزار زینار بەرزدەبێتەوە.

بابەتی پێشتر

ئەو هونەرمەندەی 17 ساڵە ئاوی نەخواردووەتەوە

بابەتی دواتر

دەنگۆی وشكبوونی سەرچاوەی ئاوی زەڵم ڕەتدەكرێتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

نرخی دۆلار بەرزبووەوە

ئەمڕۆ دووشەممە جارێکی دیکە نرخی دۆلار بەرامبەر دیناری عێراقی بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی و 100 دۆلار بە 156هەزار و…
Total
0
Share