بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سلێمانی وردەكاريی ڕووداوەكەی شەوی ڕابردوو بڵاودەكاتەوە و ئاشكرایدەكات تەقەكەرەكان دەستگیركراون.
بەپێی ڕاگەیەندراوێكی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سلێمانی كە وێنەیەكی دەست تۆڕی میدیایی ئێستا كەوتووە و تێیدا هاتووە، كاتژمێر 11:40 خولەكی شەوی ڕابردوو لە شەقامی سالم بەهۆی دەمەقاڵێی نێوان شۆفێرێكی تاكسی و دوو كەسی ماتۆڕسوارەوە بووەتە شەڕیان و تەقەیان لە یەكتركردووە و دواتر هەڵاتوون و پشێوی و نائارامییان بۆ هاوڵاتییان دروستكردووە.
لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە، “دەست بەجێ هێزەكانمان گەیشتنە شوێنی ڕووداوەكە و دەستیان بە لێكۆڵینەوە كرد و هەردوو تەقەكەرەكە دەستگیركران و دەستبەسەر ئەو چەكانەشدا گیراوە كە تەقەیان پێكردووە و دەركەوت ئەم دوو كەسە لەناو شاری سلێمانیدا پێشینەی كێشە و نانەوەی پشێوییان هەبووە”.
ئاسایشی سلێمانی جەختدەكاتەوە، هەردوو تۆمەتبارەكە بە بڕیاری دادوەر ڕاگیراون و هەركەسێك سكاڵای لەسەر ئەم دوو تۆمەتبارە هەیە سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی بكات بە مەبەستی ڕێكاری یاسایی زیاتر بەرامبەریان.