لاپۆرتا یان فۆنت.. کامیان هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی بەرشلۆنە دەبەنەوە؟

سەرچاوەکانی هەواڵ پێیان وایە چانسی ڤیکتۆر فۆنت لە چانسی گەڕانەوەی لاپۆرتا بۆ بەرشلۆنە بەهێزترە

دووشەممەی ڕابردوو، خوان لاپۆرتا سەرۆکی پێشووی یانەی بەرشلۆنە بە فەرمی خۆی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی یانەی بەرشلۆنە کاندیدکرد، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیشدا پلانەکانی بۆ داهاتوو ئاشکراکرد.

وەک لە وتار و وەڵامی پرسیارەکاندا دەردەکەوت، سەرۆکە مێژوویەکەی بارسا سودی لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2015 وەرگرتووە، بە شێوەیەکی ڕادیکالی قسەی نەدەکرد و بەڵێنیدا لە ئەگەری گەڕانەوەیدا بە جۆش و خرۆشەوە بەرنامەکەی جێبەجێبکات، دووپاتیشیکردەوە هەموو هەوڵێک دەخاتەگەڕ بۆ نوێکردنەوەی بۆندی لیۆنێل مێسی.

لاپۆرتا نەکەوتە ئەو داوەی ڤیکتۆر فۆنتی ڕکابەری لە چاوپێکەوتنەکانی پێشوودا تێکەوتووە، بەهیچ شێوەیەک هێرشی نەکردە سەر ڕۆناڵد کومانی ڕاهێنەر و بە پێچەوانەوە داوایکرد ڕێزی زیاتری لێبگیرێت، پاڵپشتی خۆی بۆ سەرجەم ستافی یانە دووپاتکردەوە، لەم ڕێگەیەشەوە هەوڵیدەدا لیبڕاڵی و جوداخواز و بێلایەنەکانی هەرێمی کەتەلۆنیا لە چواردەوری خۆی کۆبکاتەوە.

کارتی “ئیل نۆنێستا”

زۆرینەی ڕۆژنامە ئیسپانییەکان ڕوماڵی کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکەی لاپۆرتایان کرد، بەڵام موندۆ دیپۆتییڤۆی کەتەلۆنی یەکێکبوو لەو ڕۆژنامانەی بە چڕی نەچووە ناو بابەتەکەوە و ئەوەش جێگەی سەرسوڕمان بوو.

ڕاستی ئەم بابەتە بە شێوەیەکی دیکەیە، ڕۆژنامەی موندۆ دیپۆرتیڤۆ لایەنگر و زمانحاڵی گروپی “ئیل نۆنێستا”یە لەناوخۆی یانەی بەرشلۆنە.

ئەم گروپە لە ساڵی 1978 دامەزراوە، لەو سەردەمەوە کە لویس نونێز پۆستی سەرۆکایەتی یانە بەدەستدەهێنێت و 22 ساڵ حوکمی یانە کەتەلۆنییەکە دەکات تاوەکو 2000.

بە تێپەڕبوونی کات، چەندین کەسایەتی جوداخوازی ناودار و بازرگان و سەرمایەدار و پارێزەر و بە خۆیان و کۆمپانیا زەبەلاحەکانیانەوە لەم گروپەدا دەستبەکاربوون، گەیشتوونەتە ئەو ئاستەی بیانەوێت هەر کەسایەتییەک پۆستی سەرۆکایەتی بەدەستبهێنێت سەرکەوتووی دەکەن.

شێوازی هەڵبژاردن

لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی یانەی بەرشلۆنە کە لە کانونی دووەمی 2021 سازدەکرێت، هەر کاندیدێک پێویستی بە 24 هەزار دەنگە، لاپۆرتا لە ساڵی 2015 زیاتر لە 15 هەزار دەنگی بەدەستهێناوە، واتا ئەو ڕێژەیەی لەناوخۆی یانە مسۆگەرە، بەڵام بۆ تەواوکردنی ڕێژەی یاسایی بەلایەنی کەمەوە پێویستی بە نۆ هەزار دەنگی دیکە دەبێت.

ئەگەر بێتو بەرەی “ئیل نۆنێستا” پاڵپشتی لاپۆرتا نەکات، ئەم کەسایەتییە کە تەنها پارێزەرێکە پاڵپشتی چەند کەسایەتی و سەرمایەدارێکی بەدەستهێناوە، مەحاڵە بتوانێت بگەڕێتەوە، بگرە بە پێچەوانەوە گروپە بەهێزەکەی کارگێڕی بارسا پاڵپشتی لە ڤیکتۆر فۆنت دەکات.

پاڵپشتی جەماوەری و دارایی

یەکێکی دیکە لەو خاڵە بەهێزانەی دەبێتە پاڵپشتی بۆ ڤیکتۆر فۆنت پەیوەندی بە ڕۆژنامەی ئارای کەتەلۆنیەوە هەیە، کە ڕۆژنامەیەکی سیاسی بەهێزی هەرێمی کەتەلۆنیا و ئیسپانیایە و کاریگەری دروستدەکات.

فۆنت یەکێکە لە سپۆنسەر و ئەندامانی ڕۆژنامەکە، خودی ڕۆژنامەکەش تایبەتە بە کۆمەڵەی نۆنێستا و لەلایەن ئاژانسە گەورەکانی وەک میدیاپڕۆ و ژووری بازرگانی و پیشەسازی کەتەلۆنیاوە پاڵپشتیدەکرێت، هەموو ئەمانەش دەچنە ئەو چوارچێوەیەی فۆنت کاری تیادا دەکات و دەکرێت وەک پاڵپشتی ئەو کاندیدە ئەژماربکرێن، کۆی ئەم دەزگا گەورانەش لە ڕووی داراییەوە پاڵپشتی کاندیدی دووەمن هەر لە داڕشتنی پلانە داراییەکان ، تاوەکو بەدەستهێنانی سپۆنسەری زیاتر بۆ یانەی بەرشلۆنە لە ئەگەری هەڵبژاردنیدا.

لەبەرانبەردا لاپۆرتا نەیتوانیوە ستافە بەهێزەکەی 2003 کۆبکاتەوە لە نمونەی گواردیۆلا، بیگیرستاین، سۆریانۆ، یۆهان کرۆیف (ئەفسانەی کۆچکردوو)، ساندرۆ ڕۆسێل، هەروەها نەیتوانیوە پاڵپشتی گەورە بازرگان و سەرمایەدارانی کەتەلۆنیە مسۆگەربکات، تەنانەت بەم بارودۆخەوە ئەگەر هەڵبژاردنەکانیش بباتەوە، مەحاڵە یانەکە بگەڕێنێتەوە لوتکە و قەیرانە داراییەکان چارەسەربکات.

بابەتی پێشتر

یوێفا گۆڕانکاری لە چامپیۆنزلیگ دەکات و پلانی "سوپەر لیگا" پوچەڵدەکاتەوە

بابەتی دواتر

لایەنە كوردستانییەكان لە كەركوك جەخت لەسەر بەشداریی هەڵبژاردن بە لیستی هاوبەش دەكەنەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share