لایەنە كوردستانییەكان لە كەركوك جەخت لەسەر بەشداریی هەڵبژاردن بە لیستی هاوبەش دەكەنەوە

هێزە ئەمنییەكانی عێراق لە كەركوك

حزبە كوردستانییەكان لە كەركوك كۆبوونەوە و جەختیان لەسەر پێویستی بەشداریكردن بە یەك لیست لە هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كردەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 2ی كانونی یەكەم حزبە کوردستانییەکانی کەرکوک لەسەر ئاستی بەشی پەیوەندییەکانیان لەسەر بابەتی هەڵبژاردن کۆبوونەوە.

تاریق تەها، بەرپرسی دەڤەری کەرکوکی هاوپەیمانیی نیشتمانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتی، حزبەکان دۆخی هەنوکەیی کەرکوک و ڕەوشی سیاسی، ئەمنیی و ئابوریی شارەکەیان خستوەتە بەرباس و جەختیان لەسەر پێویستی گیانی پێکەوەژیانی نێوان پێکهاتەکانی شارەکە کردەوە.

وتیشی، “تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەمان گفتوگۆکردن بوو لەبارەی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق و جەختمان لەسەر گرنگی بەشداریکردنی کورد بە لیستێکی هاوبەش کردەوە”.

بەرپرسەكەی هاوپەیمانیی نیشتمانی سەبارەت بە دۆخی فەرمانبەران و مامۆستایانی سەر بە حکومەتی هەرێم لە کەرکوک ئاماژەی بەوەدا ساڵانێکە فەرمانبەران و مامۆستایانی سەر بە حکومەتی هەرێم بە دەست گرفتی موچەوە دەناڵێنن و وتی، “پشتگیری خۆمان بۆ تەواوی مافە ڕەواکانیان دوپاتکردەوە”.

لەلایەكی دیكەوە دەربارەی دەنگۆی پێدانی پۆستی پارێزگاری کەرکوک بە نەتەوەی تورکمان، جەنگی عزەدین، لێپرسراوی بەشی پەیوەندییەکان لە مەڵبەندی كەركوكی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕایگەیاند، هیچ شتێکی فەرمی لەئارادا نییە و تەنها لە ڕێگەی میدیاکانەوە ئەو هەواڵانە دەبیستین.

وتیشی، “داوامانکردووە دۆسیەی ئەمنی پارێزگاکە بدرێتەوە بە پۆلیسی خۆجێی کەرکوک و هێزە سەربازییەکان بچنە دەرەوەی شار”.

پەیوەندیدار: پەرلەمانتارێك: تائێستا كورد لەسەر دانانی پارێزگاری كەركوك تەوافوقی نەكردووە

پێشتر جەمال شكور، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی یەكێتی بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “یەكلانەكردنەوە و دانەنانی پارێزگارێكی كورد بۆ كەركوك پێش ئەوەی حكومەتی بەغداد لێی بەرپرس بێت، ئێمە خۆمان وەك كورد لێی بەرپرسین، چونكە تائێستا كورد تەوافوقی لەسەر نەكردووە، ئەگەر كورد تەوافوقی هەبوایە ئەو پارێزگارە دانرابوو”.

وتیشی، “هیچ هەوڵێكی تازەش لەو ڕووەوە نییە، ئەگەر ئێستاش هەوڵێكی جدی لەلایەن حكومەتی هەرێم و حزبە كوردستانییەكانەوە هەبوایە و هەبێت ئێستاش دەتوانرێت پارێزگارێكی كورد دابنرێت”.

لەدوای ڕوداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی 2017 نەجمەدین كەریم، پارێزگاری ئەوكاتی كەركوك شارەكەی بەجێهێشت و بە بڕیارێكی حكومەتی ناوەند ڕاكان جبوری، جێگری ئەوكاتی پارێزگار وەك پارێزگار بەوەكالەتی شارەكە دەستبەكاربوو.

بەپێی ڕێككەوتنی ساڵی ڕابردووی نێوان یەكێتیی نیشتیمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان تایبەت بە پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، دەبوو لەماوەی 45 ڕۆژی پاش دەستبەكاربوونی حكومەت پارێزگاری كەركوك-یش هەڵببژێردرێت.

ڕۆژی 10ی تەمموزی 2019 كابینەی نۆیەم دەستبەكاربوو، بەڵام تائێستا ئەو پۆستە لە بەرژەوەندی كورد یەكلایی نەكراوەتەوە.

بابەتی پێشتر

لاپۆرتا یان فۆنت.. کامیان هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی بەرشلۆنە دەبەنەوە؟

بابەتی دواتر

حكومەتی عێراق: بەجدی كاردەكەین بۆ دەستەبەركردنی ڤاكسینی كۆرۆنا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share