بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە دەباشان پێشوازیكرد لە ڕەییان كلدانی، ئەمینداری گشتیی بزوتنەوەی بابلییون.
لە دیدارێكدا دوایین گۆڕانكارییە سیاسییەكان و هەوڵەكان بۆ تێپەڕاندنی بەربەستەكانی بەردەم پرۆسەی سیاسی گفتوگۆیان لەبارەوە كرا و جەخت لە گفتوگۆ و لێكتێگەیشتنی هاوبەشی نێوان لایەنە سیاسییەكان كرایەوە، هەردوولا هاوڕابوون بەزووترین كات چارەسەرێكی گونجاو بۆ كێشەكان بدۆزرێنەوە و هەموو هەوڵەكان لەپێناو سەقامگیری و داهاتووی وڵاتدا بێت.
لە درێژەی كۆبوونەوەكەدا سەرۆك بافڵ جەختی لە قوڵكردنەوەی گیانی تەبایی نێوان هێز و لایەنە سیاسییەكان كردەوە و وتی، “ئەركی هەموولایەكمانە بە ڕۆحێكی نیشتمانی و بەرپرسیارانەوە كار بكەین و ناكۆكییەكان خزمەت بە دۆخی وڵات ناكەن و نابێت ژیانی هاوڵاتییان بكەینە قوربانیی ململانێ سیاسییەكان، دەبێت لایەنەكان نەرمی بنوێنن و ژینگەیەكی لەبار بۆ سەرخستنی ئامانجە باڵاكان فەراهەمبكەن، كە ئەمەش خواستی زۆرینەی سیاسییەكانی عێراقە”.
لە بەرامبەردا ڕەییان كلدانی سوپاس و پێزانینی بزوتنەوەی بابلییونی ئاراستەی سەرۆك بافڵ كرد لە بەرامبەر هەوڵەكانی بۆ نزیككردنەوەی هێز و لایەنە سیاسییەكان و هەنگاونان بە ئاراستەی چارەسەركردنی كێشەكان و وتیشی، “یەكێتی سیاسەتێكی حەكیمانە پەیڕەو دەكات و بەشێك نییە لە كێشەكان، بەڵكو هەمیشە كۆكەرەوەی دەنگ و ڕەنگە جیاوازەكان بووە و هەوڵەكانیان لە خزمەت گۆڕانكاریی ئەرێنیدا بووە لە پڕۆسەی سیاسیی عێراقدا.