قەدەغەی هاتوچۆ لە خاڵی سنوری باشماخ بۆ 15 ڕۆژی دیکە درێژدەکرێتەوە

جێگری پارێزگاری سنە بۆ کاروباری ئاسایش و کۆمەڵایەتی ئاشکرایکردووە، بڕیارە 15 ڕۆژی دیکە قەدەغەی هاتوچۆی گەشتیاری لە خاڵی سنوری باشماخ درێژبکرێتەوە.

محەمەد ئیبراهیم زراعی، جێگری پارێزگاری سنە بۆ کاروباری ئاسایش و کۆمەڵایەتی لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاشکرایکردووە، ” بە مەبەستی ڕێگریکردن لە تەشەنەی زۆرتری کۆرۆنای گۆڕاو، قەدەغەی هاتوچۆ لە سنوری باشماخەوە تا 15 ڕۆژی دیکە درێژ دەکرێتەوە”.

بە پێی وتەی ئەو بەرپرسەی پارێزگای سنە، بڕیارەکە لە خاڵە سنورییەکانی عێراقیش جێبەجێدەکرێت و حکومەتی ئێران جارێ دڵنیانییە لە کردنەوەی دەروازەکان بۆ گەشتیاران، بەهۆی مەترسی ڤایرۆسی کۆرۆنای گۆڕاو لە ناوچەکەدا.

زراعی ڕاشیگەیاندووە، “ئەگەرچی ماوەی چوار مانگ زیاترە قەدەغەی هاتوچۆی گەشتیاری لە خاڵی سنوری باشماخ بەردەوامی هەیە، بڕیاربوو دوای هێمنبوونەوەی ئامارەکانی کۆرۆنا خاڵە سنورییەکان بکرێنەوە، بەڵام تا ئێستا ئەو دڵنیاییە ڕوینەداوە.

بە پێی وتەی ئەو جێگرەی پارێزگاری سنە، قەدەغەکە ئەو شۆفێرە عێراقیانەش دەگرێتەوە کە، ترانزێتیان هەیە و ڕێگە بەوانیش نادرێت بچنە ناو خاکی ئێرانەوە.

لە مانگی شوباتی ئەمساڵەوە، خاڵی سنوری باشماخ بەڕووی گەشتیاراندا داخراوە، هاوڵاتییان تەنها دەتوانن بەبوونی بەڵگە نامەیەکی پزیشکی کە، بیسەلمێنێت بۆ چارەسەری پزیشکی دەچن، دەتوانن لە خاڵە سنورییەکەوە هاتوچۆبکەن، لەگەڵ ئەوەش ڤیزای بازرگانی و هۆکاری بەردەوامیدان بەخوێندن یەکێکی دیکەیە لە ڕێگەدانەکان بۆ هاتوچۆ.

بابەتی پێشتر

بەرەی دژ بە بڕینەوەی درەختەکان فراوانتر دەبێت.. بەرهەم ساڵح: چاوپۆشی ناکەین

بابەتی دواتر

ڤیدیۆ.. تەقینەوەی بوتڵی غاز لە بەغداد دوو کوژرا و 16 برینداری لێکەوتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share