وێڕای ئەو هەڵمەتە ئەمنیانەی لەم ماوەیەدا لە کەمپی هۆل بەمەبەستی دەستگیرکردنی شانە نووستووەکانی داعش ئەنجامدراون، هۆشداری لە دۆخی کامپەکە دەدرێت و ئاماژە بەوەدەکرێت داعش لەناو ئەو کەمپەوە هەوڵی ڕێکخستنەوەی ڕیزەکانی دەدات، داواشدەکرێت هەرچی زووە وڵاتانی جیهان دەست بە وەرگرتنەوەی ئەو هاوڵاتییانەیان بکەن کە تا ئێستا تێیدا ماونەتەوە.
مایکل کۆریلا فەرماندەی ئۆپراسیۆنەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕایگەیاند، “پێویستە ئەو داعشیانەی لەناو کامپەکەدا هەن، لەلایەن دەوڵەتەکانیانەوە بگەڕێندرێنەوە، بە ئامانجی دووبارە گونجاندنیان لە وڵاتەکانیان بە تایبەت کە نیوەی دانیشتووانی کامپەکە هەڵگری بیرۆکەی داعشن و نیوەشیان هیچ شوێنێکی دیکەیان نییە بۆ ژیان”.
ئاماژەی بەوەشکرد، “پێویستە دەوڵەتە گەورەکان هاوکاریی عێراق بکەن، لە گەڕاندنەوەی هاوڵاتییانیان لە کامپەکەدا بە تایبەت کە نیوەی دانیشتووانی کامپەکە عێراقین، کێشەی کامپەکە لەڕووی سەربازییەوە چارەسەرناکرێت”.
هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، لەبارەی چالاکییەکانی داعش لەناو کامپەکە هۆشداری دەدات و ڕایدەگەیەنێت، داعش هەوڵدەدات کۆنترۆڵی تەواوی کامپەکە بکات بە ئامانجی ڕێکخستنەوەی ڕیزەکانی سەرلەنوێ.
ئاشکراشیدەکات، “لەبەر چەند هۆکارێک مەترسییەکانی سەر کامپەکە زیاتربووە لەوانە:
- پێگەکەی، دەکەوێتە دووریی 45 کیلۆمەتر لە ڕۆژهەڵاتی شاری حەسەکە، نزیک سنووری عێراق.
- گەورەترین کامپی سووریایە، تایبەت بە هاوسەر و منداڵانی چەکدارانی داعش، لە هەڵگرانی ڕەگەزنامەی 54 وڵاتی جیاواز لە ڕۆژئاوایی و عەرەبی.
- قەرەباڵغی ناوکەمپەکە، 56 هەزار کەس لەخۆی دەگرێت، کە 27 هەزاریان عێراقی و نزیکەی 18 هەزار سووری و هەشت هەزار و 500 بیانی، کە %90 یان ژن و منداڵن و 70% یان سەروو 12 ساڵن.
- خراپی دۆخی مرۆیی و بەرزی پلەکانی گەرما و کەمی ئاو لە کەمپەکەدا.
داعش دۆخی ئەمنی کەمپەکەی قۆستووەتەوە بۆ ئەوەی فشار لە دانیشتووانەکەی بکات پەیوەندیی بە شانەکانی داعشەوە بکەن، ئەمەش لە کاتێکدایە ڕووداوەکانی کوشتن لەناو کەمپەکەدا بەرزبووەتەوە بە تایبەت لەسەر دەستی ژنان، کە لەسەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا 44 حاڵەتی کوشتن تۆمارکراون.
هاوکات، لەمانگی ڕابردوودا، داعش 19 کردەوەی تیرۆرستیی لە باکووری سوریا ئەنجامداوە، ئەویش لە ڕێگەی هێرشی خۆکوژی و چەکداری و بەئامانجگرتنی ڕاستەوخۆ، کە بەهۆیانەوە 12 کەس کوژراون، لەنێویاندا چوار هاوڵاتیی مەدەنی و هەشت سەربازی سەر بە هێزەکانی سووریای دیموکرات هەبوون.
سیامەند عەلی بەرپرسی ڕاگەیاندنی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) ڕایگەیاندوە، بەهۆی فەرامۆشکردنی کامپەکە و خراپی شێوازی دروستکردنی کامپەکە هۆکاری سەرەکین بۆ ئەوەی داعش هەوڵبدات ڕیزەکانی لەناو کامپەکدا ڕێکبخاتەوە”.
لای خۆیەوە جاسم محەمەد، سەرۆکی بنکەی ئەوروپی بۆ توێژینەوەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و هەواڵگری ڕایگەیاندووە، سەرقاڵبوونی ئەوروپا بە جەنگی ئۆکرانیاوە کاریگەریی خراپی لەسەر دۆسیەی کامپی هۆل و گەڕاندنەوەی هاوڵاتییانی ئەوروپی بۆ وڵاتەکانی خۆیان هەبووە.
لەدوای هەڵگیرسانی جەنگ لە ئۆکرانیا لە مانگی شوباتی ئەمساڵەوە، ئەڵمانیا 10 ژن و 27 منداڵی گەڕاندووەتەوە وڵاتەکەی.
وتیشی،”ڕای گشتیی ئەوروپا، لەدژی گەڕاندنەوەی هاوڵاتییەکانیانن، هەر بۆیە حیزبە سیاسییەکان نایانەوێت بەو هۆیەوە ئەو پێگە جەماوەرییەی هەیانە لەدەستی بدەن”.